وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی قسه‌كانی رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتاری عێراق/ یه‌كێتی/ له‌باره‌ی ھاوكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی، روونكردنه‌وه ده‌دات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نۆی ته‌مووز، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رای گه‌یاندووه، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی لێدوانێكی په‌رله‌مانتاری عێراقی (ڕێزان شێخ دلێر) له سۆشیال میدیا، گوایه هاوكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق نه‌گه‌یشتووه به پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام هاوكارییه‌كان له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی فیدراڵ بێت یان هه‌ر لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌موو شوێنه‌كان له‌سه‌ر هه‌مان فه‌رمانی وه‌زاری به فه‌رمی و شه‌فافییه‌ته‌وه دابه‌ش كراوه.
ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی له‌لایه‌ن ده‌زگای (كیمادیا) به سیستمێكی ڕاسته‌وخۆ بۆ كۆگاكانی پارێزگاكان ڕه‌وانه ده‌كرێت
روونیش كراوه‌ته‌وه كه ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی له‌لایه‌ن ده‌زگای (كیمادیا) به سیستمێكی ڕاسته‌وخۆ بۆ كۆگاكانی پارێزگاكان ڕه‌وانه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هاوكاری یان به‌شه‌ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌ته‌وه هه‌ولێر.
وه‌ك ئاماژه به‌وه كراوه كه هاوكارییه مادییه‌كانی عێراق سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بوو بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك، یه‌ك ملیار دینار دانرابوو له‌گه‌ڵ 500 ملیۆن دینار بۆ دیوانی وه‌زاره‌ت، به‌ڵام له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ته‌نانه‌ت ئه‌و بودجه‌یه‌ش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی ته‌رخان كرا بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دووپات ده‌كاته‌وه له كاتی سه‌ردانی بۆ لای به‌رپرسانی عێراق، پێویست بوو ئه‌و په‌رله‌مانتاره هه‌وڵی دابینكردن و هاوكاری بدایه نه‌ك داوای جیاكاری و شێواندنی ڕاستییه‌كانی بكردایه.