دانیشتووانی شاره‌دێی بازیان بۆ سێیه‌مین جار به‌هۆی كه‌می پێدانی كاره‌بای نیشتمانی، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و چوونه سه‌ر وێستگه‌ی كاره‌بای به‌رده‌قاره‌مان.
بەڵێنی 18 سەعات کارەبامان پێ درابوو و ئێستە 10 سەعاتیشمان نادەنێ
ئه‌و هاووڵاتییانه باس له‌وه ده‌كه‌ن، سیستمی 20 ئه‌مپێرییان بۆ دانراوه و كاتی خۆی به‌ڵێنیان پێ دراوه به وه‌رزی زستان و هاوین به‌رده‌وام 18 سه‌عات كاره‌بایان پێ بدرێت، به‌ڵام ئێسته كه وه‌رزی هاوینه جاری وا هه‌یه كه‌متر له 10 سه‌عات كاره‌بایان پێ ده‌درێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 11ی ته‌مووز، ئیسماعیل ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی بازیانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، پشتیوانی له داواكه‌ی دانیشتووانی بازیان ده‌كه‌م، پێدانی كاره‌با به بازیان زۆر كه‌مه و به‌راورد به ناوچه‌كانی تر ده‌بوو باشترین خزمه‌ت به سنووره‌كه بكرایه، كه‌چی له پێدانی كاره‌باش له دوای ناوچه‌كانی تره.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، پێش چه‌ند مانگێك داوامان له كاره‌بای سلێمانی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م 30 مێگاوات كاره‌بامان پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ كه‌س و لایه‌نی پێوه‌ندیداریش قسه‌مان كردووه و تا ئێسته كاره‌بای ناوچه‌كه كه‌مه.
پێشتریش چه‌ندان جار دانیشتووانی ناوچه‌كه خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجام داوه و هه‌فته‌ی پێشوو بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات رێی سلێمانی-كه‌ركووكیان داخست و رێ‌یان نه‌دا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بكرێت.
هیوا محه‌مه‌د یه‌ك له ناڕازیانی دۆخی كاره‌بای بازیان به "وشه"ی راگه‌یاند، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندان جار به‌ڵێنمان له به‌رپرسانی ناوچه‌كه وه‌رگرتووه، به‌ڵام له بری چاره‌سه‌ركردن، تا دێت دۆخی كاره‌با له بازیان خراپتر ده‌بێت.
شاره‌دێی بازیان له دووریی 20 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاری سلێمانی هه‌ڵكه‌وتووه و به ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی داده‌نرێت و به ده‌یان كارگه‌ی گه‌وره و پیشه‌سازی له ناوچه‌كه هه‌یه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی