دوای پێنج مانگ سەرۆكی شارەوانی كۆیە دەستی لەكار كێشایەوە

:: AM:08:32:12/07/2020 ‌
سەرۆكی شارەوانی كۆیە دوای پێنج مانگ مانەوەی لە پۆستەكەی دەستی لەكار كێشایەوە و هۆكارەكەیشی پێوەندی بە زۆری زێدەڕۆی بۆ سەر موڵكی گشتیی هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تەمووز، هۆگر كەیفی سەرۆكی شارەوانی دەست لەكار كێشاوەی كۆیە بە "وسە"ی ڕاگەیاند، لە 18ی شوباتەوە بووە بە سەرۆكی شارەوانی كۆیە، بەڵام هەشتی ئەم مانگە نامەی دەست لەكار كێشانەوەی داوەتە قایمقام.

پێوەندی بە زۆری زێدەڕۆی لەلایەن بەرپرسانی سنوورەكە هەبووە بۆ سەر موڵكی گشتیی و نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات
ڕوونیشی كردەوە كە كۆیە پێویستی بە خزمەتگوزاری زۆر هەیە، بەڵام شارەوانی كۆیە تەنیا چوار ملیۆن و 500 هەزاری لەبەردەستدایە و ئەوەیش بەشی پێویستی شارەكە ناكات.

دووپاتی كردەوە كە چەندان كێشەی تری سنووری شارەوانی هەبووە و كێشەی موڵكایەتی سەتان كەس چارەسەر نەكراوە. خۆیشی دەڵێ‌ " دەیان كێشەی تر هەیە كە لە داهاتوو باسی دەكات".

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كێشەی سەرەكی سەرۆكی شارەوانی كۆیە پێوەندی بە زۆری زێدەڕۆی لەلایەن بەرپرسانی سنوورەكە هەبووە بۆ سەر موڵكی گشتیی و نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات.

كۆیە كە 55 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پایتەختە، بەڵام چەندان ساڵە بەرپرسانی یەكێتی لە سنوورەكە بە ئارەزووی خۆیان زێدەڕۆی تێدا دەكەن و موڵكەكان داگیر دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی هیچ سەرۆك شارەوانییەك دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی هەبێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم