سۆران.. كڕینی تەماتەی خۆماڵی و كردنی بە دۆشاو لە زیادبوونە

:: PM:09:09:12/07/2020 ‌

ماوەیەكە "وشە"، هەڵمەتی گرنگیدان بە بەرووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی، بەتایبەت كڕینی تەماتەی راگەیاندووە، خەڵكی شار و شارۆكەكانیش پێشوازیان لەو هەوڵانە كردووە، هاووڵاتییانی سۆران پشتگیری هەڵمەتەكە دەكەن و تەماتەی خۆماڵی لە جووتیاران دەكرن و دەیكەنە دۆشاو .
گرنگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی ئامانجێكی كابینەی نۆیە
بە هۆی نەبوونی پلانی پێویست لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە، جووتیاران بەرهەمەكانیان ساغ نابێتەوە، بەفێڕۆی دەدەن یان هەرزانفرۆشی دەكەن، بەپێی زانیارییەكان هاوئاهەنگی و هاوكاری پێویست لەلایەن وەزارەتەكە پێَشكەیش بە جوتیاران ناكرێت، كار گەیشتە ئەوەی جووتیاران بەرهەمەكانیان فڕێ بدەنە سەر شەقام، هاوكاتی ئەوە وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت، تەماتەی خوماڵی بە كەڵكی دۆشاو نایەت.

هەژار ماهیر ئێدلبی، چالاكێكی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە بە هەوڵ و كۆششی جووتیاران لە هەرێمی كورددستان، برێكی زۆر لە تەماتەی خۆماڵی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەداخەوە لەكاتی پێگەیشتنی تەماتە، بەهۆی هاوردەی زۆر تەماتەی خۆماڵی پارەیەكی وا ناكات و بە هەرزان دەیفرۆشن، ئەمەیش وا دەكات جووتیاران لە بری قازانج، زەرەر بكەن و سڵ لە كاری كشتوكاڵی بكەنەوە.

 زیاتر گوتی، وەزیری كشتوكاڵ نەدەبوایە ئەم قسەی كردبا و لەبری ئەوە بیری لە بەدیلی تر كردبایەوە، نەك ساردكردنەوە و رووخاندنی ورەی جووتیاران، بیر لە دروستكردنی ریژەیەكی زۆری ساردخانە و كارگەی تایبەت بە بەرهەمی كشتوكاڵی بكەنەوە یان سپاردنی بە كەرتی تایبەت بۆ باشتركردنی كوالیتییەكەی، چونكە لە كابینەی نۆیەم یەكێك لە ئامانج و بەر‌نامەی كابینەكە، گرنگیدانە بە بەرهەمی خوماڵی، بۆیە ناكرێ بەمجۆرە لێدوان بدرێت .

ئەو چاڵاكوانە روونی كردەوە، وەك پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمی خوماڵی و هاندانی جووتیاران، بە كڕینی نۆ سندووق بەشدار بووم و نزیكەی پێنج كیلۆ دۆشاوی لێ بەرهەم هات، هەروەها خێزانەكەشم بە كڕینی ‌ 18 سندووق تەماتە، نزیكەی 24 كیلۆ دۆشاوی تەماتەی لێ بەرهەم هات، بۆیە ئەگەر گرنگی زیاتر بە جووتیارن بدرێت، بەرهەمیان زیاتر دەبێت، بە خستنەگەڕی كارگەكانی تایبەت بە دۆشاوی تەماتە لە هەریر و شارەكانی تر.

شایەنی باسە دوای هەڵمەتەكەی "وشە"، بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی، دانیشتوانی شار و شارۆكەكانی كوردستان، گرنگی بە كڕینی تەماتە و دروستكردنی دۆشاوی تەماتە لە ماڵەوە دەدەن، رۆژانە تەماتەی خۆماڵی دەكڕن و دەیكەن بە دۆشاو. 

سۆران/ موڕشید برادۆستی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل