شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم دەگاتە بەغدا

:: AM:11:59:03/08/2020 ‌
چەندین مانگە وەفدی حکوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ڕێککەوتن لەسەر دۆسییەکانی نەوت و بودجە و مووچە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان، پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێ، گفتوگۆکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و ئومێدمان هەیە دوای جەژن ڕێککەوتن واژوو بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوو رێککەوت٥نەکە واژوو بکرێت

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئاب، د.مەیادە نەجاڕ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای پشووی جەژنی قوربان لەسەر ئاستی باڵا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ درێژەدان بە دانوستاندن لەگەڵ لایەنی عێراقی.

زیاتر روونی دەکاتەوە، گفتوگۆی نێوان کوردستان و عێراق هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، بەپێ ئەو زانیارییانەی لای ئێمەیە لێکتێگیشتنەکان باشە و ئومێد دەکەین لە دوای جەژن ڕێککەوتنێکی تۆکمە واژوو بکرێت.

"ئێمە وەک لایەنی کوردی بە دەستوور قسە دەکەین و هەموو گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەبێت، هیچ بڕگەیەک لە دەرەوەی دەستوور لە ڕێککەوتندا نابێت، هەر بەپێ دەستوور داوای مافەکانی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان دەکەین" د. میادە نەجاڕ وای گوت.

دووپاتی لەوەیش کردەوە، وەفدی هەرێمی کوردستان کێشەی خاک و بەعەرەبکردنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەشێکی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ وەفدی عێراق.

هەڵەبجە / عەزیز ڕەسووڵ



وشە - هیدایه‌ت جان