كارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئێران دەكرێت

:: PM:01:56:04/08/2020 ‌
یەكێتی هاوردە و ناردنكاران ڕێنوێنی و ئاسانكاری بۆ ئەندامانی دەكات لە بەدەستهێنانی ڤیزای ئێران و داوا لە ئەندامانی دەكات بۆ سەردانی ئەو وڵاتە پێشتر سەردانیان بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم چواری ئاب، لە ئاگەدارییەكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان هاتووە، دوا ئاساییبوونەوەی دۆخی كوردستان و ناوچەكە لە پەتای كۆرۆنا، ئێستە كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك زۆرێكی تر لە وڵاتان دەرگای بەڕووی هاووڵاتییانی بیانیدا كردووەتەوە تا سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، بەڵام بە جێبەجێكردنی چەند مەرج و ڕێنوێنییەك.

هەر كەسێك نیازی گەشتكردنی هەیە بۆ ئەو وڵاتە، دەتوانێ سەردانمان بكات تا ڕێنوێنی و هاوكاری و كارئاسانی تەواوی بۆ بكەین
باس لەوەش كراوە، یەكێتی هاوردە و ناردنكارانیش وەك هەمیشە بۆ پاڵپشتیكردنی ئەندامانی، ئێستە تەواوی كارئاسانی و هاوكارییەكی و ڕێنوێنییەكان پێشكەش بە ئەندامانی دەكات كە مەبەستی سەردانكردنی ئەو وڵاتەیان هەیە.

لە كۆتایی ئاگەدارییەكەی ئەو یەكێتییە ڕوون كراوەتەوە، داوا لە ئەندامەكانمان دەكەین هەر كەسێك نیازی گەشتكردنی هەیە بۆ ئەو وڵاتە، دەتوانێ سەردانمان بكات تا ڕێنوێنی و هاوكاری و كارئاسانی تەواوی بۆ بكەین.

دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەكان بۆ ماوەی پێنج مانگ، بە بڕیارێك هەرێمی كوردستان گەشتەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئێران و توركیا دەست پێ‌ كردووەتەوە و ئێستە گەشتی فڕۆكەوانیش ئەنجام دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد