بوونەوەری ئاسمانی هێرش دەكەنە سەر زەوی

:: PM:03:39:15/08/2020 ‌
پرسی هەبوون یان نەبوونی بوونەوەری تری جیا لە مرۆڤ لە دەرەوەی هەسارەی زەوی دەیان و بگرە سەدان ساڵە مێشكی زانایانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە. زانایەكی ئیسپانیایی پێی وایە هەر لە سەدەی 21دا مرۆڤ بۆی دەردەكەوێت لە شوێنێكی تری ئەم گەردوونە بوونەوەر هەن و لەوانەشە رۆژێك بێت و ئەوانە بە خۆشی یان شەڕ بگەنە سەر زەوی.

تاكە شوێنێك دوای مانگ مرۆڤ دەیەوێ دەستی پێ ڕابگات و لە بوونی ژیان تێیدا بكۆڵێتەوە مەریخە و هەر لە ماوەی یەك مانگی رابردوو دوو مووشەك بەرەو ئەم هەسارەیە بەڕێ كراون. مرۆڤ لە توێژینەوەی لەسەر هەسارەی شوینەكانی تریش كۆڵی نەداوە.
پێشبینی دەكرێ لە ساڵ و دەیەكانی داهاتوو بێنە سەر زەوی.

زانایان دوای توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر لەسەر ئەستێرە و هەسارەكانی تری ئاسمان بەو ئامانجە گەیشتوون بوونەوەری تر لە ئاسماندا و لە شوێنێكی تری ئەم گەردوونەدا دەژین و پێشبینی دەكرێ لە ساڵ و دەیەكانی داهاتوو بێنە سەر زەوی.

ئەستێرەناسێكی بەناوبانگی ئیسپانیایی پێشبینی كردووە لە دوای كەمتر لە سەدەیەكی تر بوونەوەری تری ئاسمان بێنە سەر زەوی و ئەم گۆڕانكارییەش دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخانی زانست و مرۆڤایەتی بە تەواوی دەهەژێنێت.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە دكتۆر جاریك ئیسرائیلیس كە زانایەكی گەورەی ئیسپانیایە  لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی زێ سانی بەریتانی دەڵێ، لە رابردوودا هەموو ئەو قسانەی لەسەر هەبوونی بوونەوەری تر لە ئاسمان دەگوتران تەنیا گریمانە و جۆرێك گومان بوون، بەڵام ئێستە خەریكە بەراست دەگەڕێن و دڵنیایە لەوەی لەم گەردوونەدا تەنیا مرۆڤ ناژیت، بەڵكو بوونەوەری تریش هەن كە لە سووچێكی ئەم گەردوونە دەژین.

دكتۆر جاریك دامەزرێنەری فێستیڤاڵی ستارمۆسە كە بە گەورەترین فێستیڤاڵ لە بواری هەڵسەنگاندنی دۆزینەوە زانستییەكانی بواری بۆشایی ئاسمان و رێزلێنان لە زانایانی گەردوونناسی و بیردۆزەكانیان هەژمار دەكرێت.

بۆ یەكەم جار ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 2011 بە بەشداری ئەستێرەناسان و زانایانی گەردوونناسی و رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری دنیا لە دوورگەكانی قەناری ئیسپانیا بەڕێوە چوو.
هەر لەو تەمەنەی خۆماندا دەتوانین ژیانی بوونەوەری تری ئاسمانی بدۆزینەوە

ئەو ئەستێرەناسە بەناوبانگەی ئیسپانیا گوتی، "پێم وایە هەر لەو تەمەنەی خۆماندا دەتوانین ژیانی بوونەوەری تری ئاسمانی بدۆزینەوە و كۆتایی بە سەرجەم گومان و گریمانەكان بۆ هەبوونی بوونەوەری تری ئاسمانی بهێنین."

ئەو روونی كردەوە هەر لەم سەدەیەی تیایدا دەژین لانی كەم نیشانەی سەلمێنراو و حاشاهەڵنەگر لە بوونی بوونەوەری تری ئاسمانی دەدۆزرێتەوە و نابێت پێتان وابێ ئەمە بە نەوەكانی داهاتوو دێتە سپاردن و ئەم دۆزینەوەیەش مرۆڤایەتی دەهەژێنێت.

بە گوتەی ئەو زانا ئیسپانییە ئەوەی روو دەدات بۆ زانست زۆر سەرسوڕهێنەر و سەرنجراكێشە و دەبێ مرۆڤ زۆر وریا بێت و لەو شتانەی لە دەوروبەری روو دەدەن.

دكتۆر جاریك لەبارەی ئەو مووشەكەی مانگی رابردوو لە لایەن ئەمەریكاوە بەرەو مەریخ هاتە ناردن ئاماژەی دا، رێژەی دۆزینەوەی ژیان لە مەریخ 10%ە و بەو رێژەیە پێشبینی دەكرێ لە مەریخ باكتریا بدۆزرێتەوە و ئەمەش دیسان چانسێكی گەورەیە و دەبێت گەشبین بین بەوەی ژیان لە شوێنی تریش هەیە.

هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و پشكنین لە هەسارەی مەریخ چڕ كردووەتەوە.
ئاژانسی ناسای ئەمەریكی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت شوێنەواری ژیان لە شوێنێكی تری دەرەوەی هەسارەی زەوی بدۆزێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و پشكنین لە هەسارەی مەریخ چڕ كردووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە سەدان ملیار هەسارە لە دەرەوەی زەوی و كۆمەڵەی خۆر هەن و دەتوانرێت پەناگەیەك بن بۆ ئەو بوونەوەرانەی باسیان لێوە دەكرێت.

مرۆڤ بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1969 توانی بگاتە شوێنێك لە دەرەوەی ئەو هەسارەیەی لێی دەژیت كە ئەویش مانگ بوو و بە تایبەت لەو كاتەوە زیاتر ویستوویەتی لە ئەگەری بوونی ژیان لە شوێنێكی تر بكۆڵێتەوە.

زەوی لەچاو ئەو ژمارە زۆرەی ئەستێرە و هەسارانەی لە ئاسمانن، وەك گەردیلەیەكە لە ناو بیابانێك، بۆیەش مرۆڤ مافی خۆیەتی گریمانەی بوونی ژیان لە شوێنێكی تر بخاتەڕوو.
تەنیا لە كۆمەڵەی خۆر 600 هەسارە و شوێنی جیاواز هەن كە گومانی ژیانیان لێ دەكرێت

دەگوترێ تەنیا لە كۆمەڵەی خۆر 600 هەسارە و شوێنی جیاواز هەن كە گومانی ژیانیان لێ دەكرێت و بە پێی گریمانەیەكیش بۆ هەموو گەردوون كراوە ژمارەی ئەو هەسارانەی گومانی ژیانیان لێ دەكرێت 600 ملیۆن هەسارەن.

لە توێژینەوەیەكدا كە زانایانی ئەمەریكا و رووسیا بەیەكەوە ئەنجامیان دا، گوتیان لانی كەم یەك ملیار شوێنی تر هەیە كە شایانی ئەوەن بوونەوەریان تێدا هەبێت و ناوی توێژینەوەكەشیان ناونابوو "ئێمە تەنیا نین".

لە ئاسماندا هەندێك ئەستێرە هەن كە هەزار و بگرە بە ملیۆن جار لەو خۆرە گەورەترن ژیانی بە زەوی بەخشیوە، تۆ بڵێی لە دەوری یەكێك لەو ئەستێرانە هەسارەی هاوشێوەی زەوی نەبن كە بوونەوەرەكانی لەسەر خاك و ئاو شەڕیان بێت. هەندێكیان هەوڵی داگیركردنی ئەوەی تر بدەن و بەشێكیشیان لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوەدا هاواریان بەرز ببێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان