نزیكبوونەوەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا جووڵەی خستووەتە بازاڕی ئۆتۆمبێلەوە

:: PM:09:58:30/08/2020 ‌

ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم و دابەشكردنی لەوادەی خۆی مووچەی فەرمانبەران، جووڵەی خستووەتە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەوە، بە گوتەی خاوەن پێشانگایەكی ئۆتۆمبێلیش، جووڵە لە بازاڕی چەند جۆرێك لە ئۆتۆمبێل زیادی كردووە.
كڕین و فرۆشتن بە ڕێژەی 30بۆ 40% زیادی كردووە
سامان محەمەد، لە پێشانگای دڵشاد بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەم 30ی ئاب، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی دابەشكردنی مووچەوە، جووڵە كەوتووەتە ناو بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەوە و بە ڕێژەی 30بۆ 40% زیادی كردووە، كە ئەمەیش بە بەراورد بە پێشتر زۆر كەم بووە.

بە گوتەی ئەو كڕیار و فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل، هۆكاری سەرەكیی جووڵەی ناو بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بۆ دابەشكردنی مووچە و ڕێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم دەگەڕێتەوە.

بەختیار ئەحمەد، خاوەن پێشانگای كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگاكانی سلێمانی ناسراو بە "علوجەكان" بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشێكی بازاڕ گەرمییەكە گوندنشینەكانن، ئەوانیش ئۆتۆمێلی جۆرەكانی نیسان دەبڵ ئەكسل و تیۆتا هایلۆكسی دەبڵ ئەكسل و نیسان پەترۆلە كە بۆ ئەوان گونجاوە.

زیاتر گوتی، ئۆتۆمبێلی تیۆتا بیكاشۆ و مازدا و جۆرەكانی تری قەمەرە، كە نرخیان لە خوار 10 هەزار دۆلارەوەیە، بازاڕیان جووڵەی تێكەوتووە و كڕین و فرۆشتن تیایاندا زیادی كردووە، دووپاتی كردەوە، ئەگەر ڕێككەوتنی كۆتایی بكرێ و مووچەی فەرمانبەران لە وادەی خۆی بگات، ئەوكات بازاڕەكە 100% بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەو خاوەن پێشانگایە روونی كردەوە، ئەوەی ئێستە هەیە، 30%ی بازاڕ جووڵەی تێكەوتووە و چاوەڕوانی زیاتر دەكرێت، ئەمەیش دوای ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدا.

كارزان جەلال، كڕیار و فرۆشیاری ئۆتۆمبێل لە پێشانگاكانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بازاڕی ئەو ئۆتۆمبێلانە خێرا بووە كە نرخەكانیان جێگیرە لە سێ هەزار تا شەش هەزار دۆلار، ئەمە بەهۆی كەمی نرخەكانیانەوە خەڵك باشتر دەتوانێت كڕین و فرۆشتنیان پێوە بكات.

زیاتر گوتی، هەر ئۆتۆمبێلێك 100 بۆ 200 دۆلار چووەتە سەر نرخی پێشووی، ئەمەیش بەهۆی جووڵەی بازاڕەوەیە.

حەسەن ئاڵی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چاوەڕوانی هاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەكەین، بۆ ئەوەی بێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەین، ئاماژەی دا بەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی تەواو دەدا بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەیش نوێنەرانی كورد لە بەغدا پێداگیری دەكەن لەسەر شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل