هەڵمەتێكی گەورەی دارچاندن لە هەولێر دەست پێ دەكات

:: PM:05:08:19/09/2020 ‌
لە كۆبوونەوەی هەفتانەی شارەوانییەكانی هەولێر و پارێزگاری هەولێر بڕیار درا، هەڵمەتێكی سەرانسەریی پاككردنەوەی شار و شارۆكەكانی سەر بە هەولێر دەست پێ بكات.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ شەموو 19ی ئەیلوول، بە سەرپەرشتیی د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی شارەوانییەكان چەند بڕیارێك دراوە.

دووپات لەسەر دەستپێكردنەوەی هەڵمەتی گەورەی دارچاندن و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە وەرزی خۆیدا كرایەوە

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو كرا، دەسپێكردنی هەڵمەتیكی سەرانسەریی پاككردنەوەی شار و شارۆكەكان لە سنووری سەرجەم قایمقامیەت و شارەدێكانی سنووری پارێزگای هەولێر باسی لێوە كرا.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لەسەر دەستپێكردنەوەی هەڵمەتی گەورەی دارچاندن و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە وەرزی خۆیدا كرایەوە، پێشتر لەلایەن پارێزگای هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر لە هەموو شارۆكە و شارەدێكان دەستی پێ كرابوو، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە هەڵمەتەكە وەستێنرابوو.

بۆ ئەو مەبەستەش، د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، پاڵپشتی پارێزگای بۆ زیادكردنی پانتایی سەوزایی راگەیاند.


وشە - ڕێناس شابان