رووداوەكانی عێراق دەچنە ناو كێبەركێی هەڵبژاردنی ئەمەریكا

:: PM:09:28:29/09/2020 ‌

بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، لەناو كێبەركێیەكی بەهێزی كۆماری و دیموكراتەكان لەسەر سەرۆكایەتی، هەریەك لەوان سیاسەتی دیاریكراوی خۆیان هەیە سەبارەت بە چارەسەركردن و ئاراستەكردنی كێشە و رووداوەكان لە دنیا، عێراق بەهۆی بوونی بە دراوسێی ئێران و گۆڕەپانی دەسەڵات و میلیشیاكانی، گرنگییەكی لە نەخشەی رووداوەكان وەرگرتووە.
ئەوەی ئێستە روو دەدا بەشێكە لە هەڵمەتی سیاسی و هەڵبژاردن
ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق بۆ "وشە"، ئاماژە دەكات، ئێستە كۆمارییەكان سوود لە هەموو كارتەكانی دەستیان وەردەگرن بۆ بردنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەڵۆكانی پارتی كۆماری، واتە باڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لەناو حزبەكە، سوود لە كارتە جیاوازەكان دەبینن، دیارە كە لە كێبەركێی سەرۆكایەتی ئەمەریكا سوود لە بابەتەكانی رێكخراوی قاعیدە و داعش و هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارە جیاوازەكان بینراوە، بۆیە ئەوەی ئێستە روو دەدات، بەشێكە لە هەڵمەتی سیاسی و هەڵبژاردن، كە دەكەوێتە ناو كارنامەی حزبەكە لە هەڵبژاردنی چاوەڕوان دەكرێت.

زیاتر گوتی، رۆژنامەكانی ئەمەریكا چەند پێشبینییەكەیان بڵاو كردەوە كە بۆ مانگی ئۆكتۆبەری داهاتووی بەر لە هەڵبژاردنەكان، كە چاوەڕوانی سوپرایز دەكرێت، رەنگە جۆرێك لە بەریەككەوتنی چەكداری ببینین لە نێوان ئەمەریكا و گرووپەكانی سەر بە ئێران یان راستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین لەسەر زەوی پێشبینی ناكرێ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە روو بدات، بەتایبەتی لەسەر ئاستێكی نزیك، چونكە بەر لە دوو رۆژ باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رای گەیاند كە سیستمێكی نوێی بەرگری تاقی دەكەنەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكەیان لە عێراق، ئەوەیش دووپاتی دەكاتەوە باڵوێزخانەكە سیستمێكی پێشكەوتوو دادەمەزرێنێ و مەترسی مووشەكەكان كەم دەكاتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا باڵوێزخانەكەی دابخات، سیستمێكی پێشكەوتوو دانانێت.

لەناو ئەمەریكا دیدەكە چەند روویەكی هەیە، بە گشتی ئەمەریكا دەیەوێ تا یەكلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن كارێك لە عێراق روونەدات كار بكاتە سەر هەڵبژاردنەكە یان ئەگەر روویش بدات، بەو ئاراستەیە بێت سوودی بۆ پارتی فەرمانڕەوا هەبێت، ماسیۆ برۆدسكی، سەرۆكی توێژەران لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی تەناهی و ستراتیجی لە واشنتن ئاماژەی كرد، ئێستە لەناو ئەمەریكا دوو رەوت هەیە، سەرەتا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندووە دەیەوێ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق پاشەكشە پێ بكات، دوای ئەوە رەنگە ئەوە پێوەست بێت بەوەی ئێران لە ناوچەكە ئەنجامی دەدات، بێگومان ئەو دەیەوێ هێرشەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هاوپەیمانانی واشنتن لە ناوچەكە زیاتر بكات، پێم وایە ئەمەریكا دەیەوێ پێگەی خۆی بەهێز بكات بۆ رێگرتن لە هێرشەكانی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەیش هۆشداری دایە ئێران و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوبارەوە.

زیاتر گوتی، بابەتی داخستنی باڵوێزخانە چەند پێویست و باشە بۆ ئێستە، كە ئەمەریكا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەنگاو دەنێت، ئەوە دەكەوێتە سەر هەڵسەنگاندنی هێزە سەربازییەكان بۆ دۆخی تەناهی، واتە ئەمەریكا نایەوێ هیچ سەرباز و دیپلۆماتكارێكی بەدەستی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق زیانیان پێ بگات، بۆیە داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكای بابەتێكی لۆجیكییە ئەگەر هەڕەشەی لەسەر بێت بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات، ئەو بابەتە دەتوانرێ لە هەڵبژاردنیش بەكار بێت، چونكە سەرۆك ترەمپ، نایەوێ هێزێكی گەورەی لە ناوچەكە هەبێت، هەروەها بینیمان بەمدواییە ئێرانییەكان و میلیشیاكانیان هێرشەكانیان زیاتر كردووە، بۆیە ئەمەریكا توانای وەڵامدانەوەی هەیە ئەگەر میلیشیاكان هێرشەكانیان نەوەستاند، بە هەمانشێوەی سەرەتای ئەمساڵ، كاتێك ئەوان هەڕەشەیان لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا كرد.

ئەو شارەزا و توێژەرە پێی باشە ئەمەریكا هێزی كەمتری لە عێراق و سووریا هەبێت، بۆ بەردەوامبوونی گوشارەكانی بۆ سەر رێكخراوی داعش و باڵەكانی ئێران لە ناوچەكەدا، ئەوە شتێكی گرنگە و دەبێت ئەمەریكا بەردەوام بێت لەسەری، هاوكات زانیارییەكانی هەواڵگری ئاماژە دەكەن كە ئێران دەیەوێ جارێكی تر هێرش بكاتە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، هەروەها دەیەوێ كەسایەتی ئەمەریكی بڕفێنێت، بەڵام تا ئێستە سنووری ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران نەگەیشتووەتە ئاستی كوژرانی ئەمەریكییەكان و ئەگەر كرابنە ئامانجیش، وەڵامدانەوەی توندی هەبووە، بۆیە ئەوەی روودەدات دەوەستێتە سەر ئەوەی ئێران لە داهاتوو ئەنجامی دەدات.

لە كۆتادا ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە ئەوەی ئەمەریكا لە عێراقی دەوێ، بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرگری لەخۆی بكات، ئەمەریكا نایەوێ دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق ببینێت، ئەو بابەتەیش بۆ گەلی عێراق دەگەڕێتەوە، ئێمە پێشبینی دەكەین سەرۆك وەزیرانی عێراق و هێزەكانی عێراق رێوشوێن وەربگرن بۆ رێگرتن لە ئێران لە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و گەلی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل