هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران راگیرا

:: PM:01:59:30/09/2020 ‌
كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی كۆرۆنا، چوونی گەشتیاری هەرێمی كوردستانی بۆ وڵاتەكەی لە رێگەی ئاسمانی و زەمینی راگرت، تەنیا ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن بچن بۆ ئەو وڵاتە و گەشتوگوزاری سلێمانیش دەڵێت، پێدەچێت لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا گەشتەكان دەست پێبكەنەوە.
تا دوو هەفتەی تر هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئاسایی دەبێتەوە

ئەگەرچی چوون و هاتنی گەشتیار لە ئێرانەوە بۆ ناوخۆی هەرێم و بەپێچەوانەوە دەستی پێ نەكردووە لە نێوان هەردوو وڵات، بەڵام رۆژانە هاووڵاتییەكی زۆر لە هەرێمەوە بۆ نەخۆشی دەچنە وڵاتی ئێران و هاووڵاتییانی ئێرانییش ئەوانەی خاوەن كارن و مۆڵەتی مانەوەیان هەیە دێنە هەرێمی كوردستان.


ئەمڕۆ چوارشەم 30 ئەیلول، ئارام رەحیم بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا، گەشتەكان راگیراون، هەوڵێك هەیە كە بەپێی رێنماییەكان ئەو گەشتانە دەست پێ بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ كونسوڵی ئێران و مەرزەكان قسە كراوە و میكانیزمێكی گونجاو دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی شێوازی هاتن و رۆیشتنی گەشتیار لە نێوان هەردوولا دەست پێ بكاتەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی كە لە ئێرانەوە دێنە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بە فەرمی 25 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت بۆ هەر كەسێك و ئەو پارەیەش بۆ وەزارەتی دارایی دەبێت، گەشتیار بۆی نییە بێتە ناو هەرێم یان بەپێچەوانەوە، هاووڵاتی ئێرانی كە بیهەوێ بێتە ناو خاكی هەرێم دەبێت خاوەنكار بێت، یان ئیقامەی هەبێت.

"هاووڵاتی ئێرانی لە كاتی هاتنە ناوەوە بۆ خاكی هەرێم پشكنینی كۆرۆنای بۆ دەكرێت، ئەوكاتەی كە رۆشتەوە بۆ وڵاتەكەی لە دیوی ئێرانیش پشكنینی بۆ دەكرێت، واتە لە هەر هاتن و رۆیشتنێك پشكنینی بۆ دەكرێت و هاووڵاتی هەرێمیش بە هەمان شێوە" ئارام رەحیم وای گوت.

بەپێی زانیارییەكان ئێستا هەر هاووڵاتییەكی ئێرانی دێتە هەرێمی كوردستان دەبێت خاوەنكار بێت و مۆڵەتی مانەوەی فەرمی یان كۆمپانیای هەبێت ، لە كاتی هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی هەرێم، بڕی 25 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت كە ئەمە فەرمییە و پارەكە بۆ وەزارەتی دارایی دەڕوات، هەروەها پشكنینێكی كۆرۆنا كە 60 هەزار دینارە و بڕێك پارەی تر وەك رۆتینات كە سەرجەمی دەگاتە زیاتر لە 100 هەزار دینار بۆ كەسێك ئەوەش بڕە پارەیەكی زۆرە بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی.

عەتا ئەنوەر، بەرپرسی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێران چەند رۆژێك دەبێت گەشتە ئاسمانییەكانی راگرتووە وهەروەها پێدانی ڤیزەی گەشتیاری راگرتووە و ئێستا تەنیا ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجە یان نۆرەی پزیشكیان هەیە دەتوانن بچنە ناو خاكی ئێران و سەردانی گەشتیاریش راگیراوە.

دووپاتی دەکاتەوە، راگرتنی گەشتەكان بەهۆی خراپی بارودۆخی وڵاتەكەوەیە لە نەخۆشی كۆرۆنا، ئێران ئێستا حاڵەتەكانی كۆرۆنای زۆربووە، ڤیزە نادرێتە هەر كەسێك ئەگەر وەرەقەی پزیشكی پێ نەبێت یان كاتی سەردانی پزیشكی نەهاتبێت، لەوانە نەشتەرگەری یان نەخۆشی درێژخایەن.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران و وڵاتانی تر، تەواوی گەشتە ئاسمانییەكان راگیراون و هاتووچۆی گەشتیار لە نێوان هەرێم و ئێران راگیرا و مەرزەكان داخران لە پێناو رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان