دژەتیرۆری یەكێتی هاووڵاتییەكی قەڵادزێ لە زیندان دەكوژێت

:: PM:09:56:14/10/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم هاووڵاتییەكی شاری قەڵادزێ بەناوی رەشوان نەجمەدین لە زیندانەكانی دژەتیرۆری یەكێتی بە ئەشكەنجەدان دەكوژرێت، برای قوربانییەكە رای گەیاند، ئەو بە دەستی جەلادانی دژەتیرۆری سلێمانی تیرۆر كراوە.
رێگە بە خێزانەكەی نەدراوە رەشوان ببینن
بەپێی زانیارییەكان، رەشوان نەجمەدین رەزا، هاووڵاتییەكی شاری قەڵادزێیە و ماوەیەك لە دەرەوەی وڵات بووە، لە سەردەمی شەڕی داعش دەگەڕێتەوە و  وەك خۆبەخش بەشداری شەڕەكە دەكات، دواتر لە قەڵادزێ لەگەڵ ماڵی باوكی دەژی و ژن دێنێت، پاش ماوەیەك دیارنامێنێت و دوای گەڕان و سۆراخكردنێكی زۆر،  كەسوكارەكەی بۆیان دەردەكەوێ لای دژە تیرۆری یەكێتی زیندانییە.

رەشوان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ پارتی گیراوە و خێزانەكەی هەوڵ دەدەن چاویان بە كوڕەكەیان بكەوێت، بەڵام رێگەیان پێ نادەن، تا ماوەیەك لەمەوبەر رێگە بە خێزانەكەی دەدەن كوڕەكەیان ببینن، هەفتەیەك لەمەوبەر خێزانەكەی رەشوان دەبینن و بەقسەی خۆیان لە دۆخێكی تەندروستی خراپدا بووە و  شوێنی ئەشكەنجەدانی پێوە دیار بووە، ئەمڕۆیش پێوەندیان پێوە دەكرێ كە بێن تەرمی كوڕەكەیان ببەنەوە.

شێخ رەشید نەجمەدین، برای رەشوان، ئەمڕۆ چوارشەم لە پۆستێكی فەیسبووكدا نووسیویەتی، برام
بە دەستی جەلادانی دژەتیرۆری سلێمانی تیرۆر كرا، خوای گەورە بە شەهید قبووڵی بكەی و گۆڕی پڕكەی  لە نوور و  بۆی بكەی بە باخێك لە باخەكانی  بەهەشت.



وشە - وشه‌