ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له كه‌ركووك و گه‌رمیان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى نه‌بوونى پێشمه‌رگه له سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر، داعش به ویستى خۆى له ناوچه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه و هه‌ندێكیشان دزه‌یان كردووه‌ته‌وه ناو شارى كه‌ركووك، پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووكیش به هۆكار ده‌زانێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى تشرینى یه‌كه‌م، دیار حسێن، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له كه‌ركووك و گه‌رمیان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، له دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر دۆخى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى تێكچووه و له‌و كاته‌وه تا ئێسته داعش و چه‌كداره‌كانى له‌و ناوچانه به ویستى خۆیان ده‌سوڕێنه‌وه و هێزه عێراقییه‌كانیش ناتوانن به‌ر به‌و كارانه‌ى داعش بگرن و بگره كه‌مته‌رخه‌من له ئاست پاراستنى ئه‌و ناوچانه.
زیاتر گوتى، به پله‌ى یه‌كه‌م نه‌بوونى پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه هۆكارى ئه‌وه‌یه داعش له ناوچه‌كان كارى تیرۆستى خۆى ئه‌نجام ده‌دات، كاتى خۆى كه پێشمه‌رگه له‌و سنوورانه‌بوو، پارێزگاری‌یان له سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییان ده‌كرد و چه‌كدارانى داعش نه‌یانده‌توانى به ئازادى بسوڕێنه‌وه.
ڕوونى كرده‌وه، هێزه عێراقییه‌كان كه‌مته‌رخه‌من، حكوومه‌تى عێراق به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور دۆخى ئه‌و ناوچانه‌ى وێرانكردووه، ئێسته داعش هاتوونه‌ته هه‌ندێ جێگه كه كاتى خۆشى له ساڵى 2014 نه‌یانتوانیووه بێنه ئه‌و ناوچانه، هۆكارێكى تریش كه‌مته‌رخه‌مى ڕاكان جبورى، پارێزگارى سه‌پێنراوه‌ى كه‌ركووكه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئاماژه‌ى كرد، ده‌كرێت له‌و ماوه‌یه هه‌ندێك چه‌كدارى داعش دزه‌یان كردبێته ناو شارى كه‌ركووك و چالاكى ئه‌نجام بده‌ن، هێزێكى تۆكمه‌ى به‌هێز له ناوچه‌كه نییه كه سه‌ركردایه‌تیه‌كى به‌هێزى هه‌بێت تا بتوانێ ڕێگرى له كاره‌كانى داعش بكات، هه‌مووى میلیشیایه و میلیشیاش به پاره ئیش ده‌كات.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى