وەزیری پەروەردە: بڕیاری پێویست لەسەر مامۆستا و قوتابییە تووشبووەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدرێت

:: PM:12:04:31/10/2020 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئێستە سەرجەم داتاكانی تایبەت بە مامۆستا و قوتابیانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاتووتە ناردن و سبەی بڕیاری پێویست دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 31ـی تشرینی یەكەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بۆ بایكۆتی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە، هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری داوە دەوام ئاسایی بكرێتەوە، ئێستەیش خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكان دەستیان بە خوێندن كردووەتەوە.

سبەی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا بەڕێوە دەچێت و تێیدا تاوتوێی دۆخی خوێندن دەكرێت 
وەزیری پەروەردە گوتی، بۆ دۆخی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاری نوێ‌، سبەی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا بەڕێوە دەچێت و تێیدا تاوتوێی دۆخی خوێندن دەكرێت و لەوێ بڕیاری پێویست دەدرێت.

باسی لەوەش كرد، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی قوتابخانەكان، لیژنەی باڵا بڕیار دەدات كە خوێندن چۆن دەبێت.

ڕوونی كردەوە، ئامارەكانی تایبەت بە تووشبووان لە كەرتی خوێندندا لە بەردەستن و بۆ وەزارەتی تەندروستی نێرداون و ئەوان لایەنی پێوەندیداری پرسەكەن و بڕیار دەدەن.



وشە - رامیار جەواد