سێ مانگە عێراق مووچەی فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكانی كوردستانی نەناردووە

:: PM:12:27:01/12/2020 ‌
لە كاتێكدا چەند ئەندام پەرلەمانێكی كورد بە مووچەی فەرمانبەرانەوە موزایەدە دەكەن و هەوڵ دەدەن مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی كوردستان بخەنە سەر بەغدا، كەچی دوو هەزار و200 فەرمانبەری بەنداوەكان و نشینگە و رەگەزنامە و كارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت نزیكەی سێ مانگی نەدراوە، پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێ، پرسیار ئەوەیە عێراق مووچەی ئەو فەرمانبەرانە نەدات چۆن مووچەی هەموو فەرمانبەرانی كوردستان دەدات.

ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری بەنداوەكانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق مووچەی مانگەكانی 10 و 11ی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی كوردستانی نەناردووە، داوای ڕوونكردنەوەیان كردووە بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان نادەن و سێ مانگە ئەو مووچەیە نەدراوە.

ئەمە دووەم جارە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی كوردستان گرفتی بۆ دروست بكرێت و چەند مانگ بەسەر یەكەوە مووچە نەنێردرێت، لەڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانەوە لەگەڵ بەغدا توانرا چارەسەری ناردنی مووچەی فەرمانبەران بكرێت، بەڵام جارێكی تر گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووەتەوە.

لە مادەكانی 10 و 13ی دەستوور بەنداوەكان سیادین و دەبێت حكوومەتی ناوەندی بودجە و مووچه ‌بۆ فەرمانبەرانی بەنداوەكان دابین بكات
لە مادەكانی 10 و 13ی دەستوور بەنداوەكان سیادین و دەبێت حكوومەتی ناوەندی بودجە و مووچه ‌بۆ فەرمانبەرانی بەنداوەكان دابین بكات، دیارە هەركات بەغدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانیش ڕادەگرێت.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە خۆیەوە مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و رەگەزنامە و پاسپۆرت و كارتی نیشتمانیی و نشینگەی‌ ڕاگرتووە ڕاگرتنەكەشی ناحەقە."

ئەو روونی كردەوە نووسراوێك هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە تا كۆتایی ئەمساڵ مووچەی بەنداوەكانی كوردستان خەرج دەكرێت، ئەم دواخستنەش پێوەندی بەناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و كوردستان هەیە، ئەوەش ناحەقییە بەغدا بەرانبەر ئەو فەرمانبەرانە دەیكات چونكە ئەوان سەر بە حكوومەتی عێراقن.

وەك زیاتر خستیەڕوو فەرمانبەرانی بەنداوەكانی كوردستان 400 كەسن، بەڵام نشینگە و رەگەزنامە و كارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت چوار هەزار و 850 كەسن و تەنیا هەزار و 800 كەسیان میلاكن لەسەر بەغدا و مووچە وەردەگرن، پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە بەغدا مووچەی دوو هەزار و 200 فەرمانبەر خەرج نەكات، چۆن مووچەی زیاتر لە ملیۆنێك و 250 هەزار كەس ڕاستەوخۆ دەدات، ئەوەش لە راستییەوە دوورە و زۆر ئەستەمە، سەرەتای ئەمساڵیش چەند مانگێك مووچەكانیان دواكەوت، بەڵام هەوڵی زۆر درا تا چارەسەر كرا و دیسان كێشەیان بۆ دروست كردوونەتەوە.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی



وشە - سلێمان تاشان