ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی كۆ دەبنەوە

:: AM:11:09:03/12/2020 ‌
ئەندامانی رێكخراوی ئۆپێك و چەند وڵاتێكی تری دەرەوەی رێكخراوەكە كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی دواین بڕیارەكانیان بۆ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بكەن.

بەگوێرەی MACAUBYSINESS كۆبوونەوەكە دەبوو رۆژی سێشەم بكرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ پێنجشەم دواخرا و لە سەعات یەكی دوای نیوەڕۆ بە كاتی ئەوروپا بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفرانس دەست پێ دەكات.

هەرچەندە هەندێك ناكۆكی لە نێوان وڵاتانی ئەندام هەیە، بەڵام پێشبینی دەكرێ ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەسەر ئەوە رێك بكەون رێككەوتنەكەی پێشوویان تا سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو درێژە پێ بدەن.

كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەتایبەتی لە بەهاری ئەمساڵ، وای كرد داخوازی لەسەر نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزێت
كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەتایبەتی لە بەهاری ئەمساڵ، وای كرد داخوازی لەسەر نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزێت و كار بگاتە ئەوەی بەرهەمی نەوتی ئەمەریكا بە زیان بفرۆشرێت و بۆ خوارووی سفر دابەزێت كە لە مێژووی فرۆشتنی نەوتدا بێ وێنە بووە.

لەلایەكی ترەوە نرخی نەوتی برێنتیش تا 16 دۆلار دابەزی و دواتر بە دەستپێشخەری سعوودیە و هاوپەیمانەكانی ئۆپێك، كۆمەڵێك رێوشوێن گیرانەبەر تا بەهای نەوت بەرز بكەنەوە و توانییان نرخەكە تا ئاستێك ئاسایی بكەنەوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا بەهای نەوت لە ژێر كاریگەریی كۆبوونەوەی ئۆپێك پڵاس تا ئاستێك هەڵبەز و دابەزی هەبووە، هەر ئێستە بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 48 دۆلار و 34 سەنت دەفرۆشرێت.


وشە - سلێمان تاشان