پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەكرێت

:: AM:08:59:14/01/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ بەشێكی تری پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 خەرج بكرێت و بڕەكەشی 11 ملیار و 700 ملیۆن دینارە، ئەوەیش دەبێتە سێیەمین قۆناغی ئەو پارەیەی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان نێراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، ئەمڕۆ بەشی سێیەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت كە بڕەكەی 11 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.

هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، عێراق نووسراوی كردووە كە بەشێكی تری پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو بڕە پارەیە 11 ملیار و 700 ملیۆن دینارە و بەشی هەولێر سێ‌ ملیار و 400 ملیۆن دینارە و بەپێی چەند ڕێوشوێنێكی كارگێڕی خەرج دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕە پارەیەی ناردوویانە بە سێ‌ قۆناغ، تا ئێستە كۆی گشتی بووە بە %25ـی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ گەنمی ساڵی 2020 كە زۆر كەمە.

عێراق ماوەی پێنج ساڵە بەچەند بیانوویەكی جیاواز پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی خەرج ناكرێت، ئەمساڵیش تا ئێستە پارەی تەواوەتی نەناردووە و پارەی ساڵی 2014 و 2015 و 2016ـی لا ماوە كە دەكاتە 557 ملیار دینار.



وشە - رامیار جەواد