بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئابووری هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت

:: AM:09:03:16/01/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەنگاوەكانی چاكسازی بەردەوامی دەبێت و ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەین بەڕێككەوتن، بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، هەرێمی كوردستان دەتوانێ مانگانە مووچە بدات.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی كانوونی دووەم، وەیسی سەعید ئەندامی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی  هە‌نگاوێكی گرنگە بۆ زیادكردنی داهات و بەهێزكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، چونكە هێنانەدی  یەكسانی، دادپەروەری لێ دەكەوێتەوە و‌ بەمەش ستەم لە هیچ كەس و فەرمانبەرێك ناكرێت.

نابێت هیچ فەرمانبەرێك بەنایاسایی زیاتر لە مووچەیەك وەربگرێت
ئەندامەكەی لیژنەی دەستپاكی گوتی، بەپێ یاسای چاكسازی، نابێت هیچ فەرمانبەرێك بەنایاسایی زیاتر لە مووچەیەك وەربگرێت، بەمەش خەڵك هەقی خۆی وەردەگرێت، چونكە یاساكە بۆ هێنانەدی دادپەروەری و یەكسانی هاتووەتە ئاراوە.

ڕوونی كردەوە، بەپێی ئەو یاسایە فەرمانبەران یەكسانن لە ماف و شایستەكانیان، نابێت خەڵكێك سوودمەند بن لە مووچەی حكوومەت لە دەرەوەی یاسای چاكسازی، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر زیادبوونی داهات دەبێت.

باسی لەوەش كرد، راستە یاسای چاكسازی تەنیا بۆ ئێستە نییە، بەڵكو بۆ ئایندەش سوودی گەورەی لێ دەبینین ، ئەگەر لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیش نەگەیشتین بە رێككەوتن، هەرێمی كوردستان دەتوانێ لەم رێیەدا ‌مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.

"هیچ كەسێك ناتوانێت هەنگاوەكانی حكوومەت لەبواری چاكسازی سارد بكاتەوە". وەیسی سەعید وای گوت.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و لە ماوەی ڕابردوو مووچەی نزیكەی 30 هەزار مووچەخۆری نایاسایی ڕاگرت، هەروەها مووچەی چەندان فەرمانبەری كەم كردەوە كە بە نایاسایی پلەیان بەرز كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد