ئاژانسی فرانس پرێسی فڕه‌نسا له زاری گه‌وره به‌رپرسێكی عێراق بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌باره‌ی داوا به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا بۆ وه‌ستاندنی هێرشی میلیشیاكانی له عێراق وه‌ڵامی حكوومه‌تی عێراقی داوه‌ته‌وه و مه‌رجی ڕه‌وانه‌كردنی پاره و ناردنی قه‌رزه‌كانی له به‌غداوه بۆ تاران سه‌پاندووه، تا له به‌رانبه‌ردا میلیشیاكانی له هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی دیپلۆماسی و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستێنێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی عێراق كه قسه‌ی بۆ فڕانس پرێس كردووه، له كۆتاییه‌كانی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ، كاتێك شاندێكی عێراق كه له فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه و رائید جوحی سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكهاتبوون، سه‌ردانی تارانیان كرد، له‌وێ ئێرانییه‌كان به ڕوونی ئه‌و مامه‌ڵه‌یان خستووه‌ته به‌رده‌م عێراق.
ئاژانسه‌كه نووسیویه‌تی، رائید جوحی سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، نامه‌یه‌كی تایبه‌تی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌و سه‌ردانه گه‌یاندووه‌ته ده‌ستی به‌رپرسانی باڵای ئێران و داوای لێكردوون كه فه‌رمان به میلیشیاكانی سه‌ر به تاران بكه‌ن، كه بوه‌ستن له هێرشكردنه سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق.
شانده‌كه‌ی عێراق چاویان به چه‌ندان گه‌وره به‌رپرسی كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌وت و په‌یامه‌كه‌ی كازمیان پێ ڕاگه‌یاندن، به‌ڵام به‌رپرسانی تاران به ڕوونی ئاگه‌داریان كردوونه‌ته‌وه و پێیان گوتوون، كه تاران به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ جموجۆڵی گرووپه میلیشیاكان له عێراق له دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوه‌ستێنێت، تا به‌غدا سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كانی ئێران نه‌داته‌وه و دووپاتیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پاره‌ی پێویست له بانكی بازرگانی عێراق هه‌یه، تا سه‌رجه‌م قه‌رزه‌كان بدرێنه‌وه تاران و ئه‌و دواخستنه‌ی به‌رده‌وام عێراق به بیانووی ته‌نگژه‌ی ئابووری ده‌یخاته ڕوو، كۆتایی پێ بهێنرێت.
به‌رپرسێكی تری عێراق و دیپلۆماتكارێكی وڵاتانی ڕۆژئاوایش له به‌غدا باسیان له‌وه كردووه كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ی تاران، پاش زیاتر له دوو هه‌فته، دوای ئه‌وه ده‌سبه‌جێ هێرشی مووشه‌كی میلیشیاكان ده‌ستیان پێ كردووه‌ته‌وه.
له ئه‌نجامی داته‌پینی به‌های تمه‌ن و ئه‌و ته‌نگژه قورسه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئێران بووه‌ته‌وه له ئه‌نجامی ئه‌و گه‌مارۆ زۆرانه‌ی كه پێشتر تره‌مپ به‌سه‌ری سه‌پاندوون، ئه‌و وڵاته په‌له‌یه‌تی تا قه‌رزه‌كانی له عێراق وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌وان به وردی ئاگه‌دارن كه بانكی بازرگانی عێراق كه یه‌كێكه له بانكه حكوومییه‌كان پاره و یه‌ده‌گی زۆری هه‌یه و ده‌توانرێ قه‌رزه‌كانی لێ بدرێته‌وه.
له به‌رانبه‌ردا حكوومه‌تی عێراق ئاماده نییه ئه‌و بڕه پاره زۆره ڕه‌وانه‌ی تاران بكات، چونكه ترسی هه‌یه له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، له كاتێكدا ته‌واوی پاره‌كه‌یش له بری كڕینی گاز و كاره‌بایه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه له كۆماری ئیسلامی ئێران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه به‌غدا قه‌رزاری كۆماری ئیسلامی ئێرانه ده‌گاته زیاتر له پێنج ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، كه له‌و ڕێژه‌یه‌دا بڕی سێ ملیار دۆلاری له بانكی بازرگانی عێراق سڕكراوه، واته پاره‌كه بوونی هه‌یه و دانراوه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌غداوه ڕه‌زامه‌ندی ده‌رناكرێ، تا به فه‌رمی پاره‌كه بدرێته‌وه ئێران.
گرتنه‌وه‌ی گازی سروشتی و بڕینی كاره‌بایش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ماوه ماوه له‌سه‌ر عێراق، هۆیه‌كه‌ی بۆ دواخستن و ڕاده‌ستنه‌كردنی ئه‌و پاره زۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌غدا قه‌رزاری تارانه.
ئاژانسه‌كه نووسیویه‌تی، بانكی بازرگانی عێراق له ساڵی 2003 له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه دامه‌زراوه و كاریگه‌ری زۆری ئه‌مه‌ریكای به‌سه‌ره‌وه‌یه و وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی حكوومی سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كات، ئه‌ركی سه‌ره‌كی هاورده‌كردنی كاڵای پێویسته بۆ عێراق له وڵاتانی دنیاوه.
له كۆتایی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری ساڵی ڕابردوویش، ڕه‌زا ئه‌دركانیان وه‌زیری وزه‌ی ئێران له‌باره‌ی پرسی كڕینی ڤاكسینی دژه كۆرۆنا بۆ ئێران دووپاتی كرده‌وه، كه بڕێكی زۆری پاره‌ی ئێران له ده‌ره‌وه بوونی هه‌یه، یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یش عێراقه، كه ئه‌گه‌ر هه‌ر قه‌رزه‌كانمان نه‌داته‌وه، پێویسته پاره‌كه به ڤاكسین بدات و ڤاكسینه‌كانیش ره‌وانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بكرێن.
به گوته‌ی سه‌رچاوه‌كان ئه‌و دواخستنه‌ی قه‌رزه‌كان له‌لایه‌ن به‌غدا و نه‌دانه‌وه‌ی به تاران به فشاری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره زه‌به‌لاحه نه‌كه‌وێته‌وه ده‌ست تاران و به‌رده‌وامی ئابووری وڵاته‌كه له ژێر فشاری گه‌وره و چڕ بێ، تا تاران ناچار بێ نه‌رمی بنوێنێ و سازش بكات بۆ ئه‌مه‌ریكا و دووباره بچێته‌وه ناو دانوستاندنه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و مه‌رجانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌تی به‌سه‌ریدا بسه‌پێنێت و هه‌مواری ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی 2015 بكرێ و پرسی ده‌ستوه‌ردانی ئێران له وڵاتانی ناوچه‌كه و دروستكردنی نائارامی و تێكدانی ئاسایشی وڵات بكرێت به به‌شێك له ڕێككه‌وتنه‌كه له ته‌ك به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران.