"تاقمێک داوای سەروەریی یاسا دەکەن و تاوانەکانیان هێندە نامرۆڤانەیە ڕووت نایە باسی بکەی"

:: AM:09:25:04/03/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمان ڕای دەگەیەنێت، لە چ شوێنێكی دنیا هەیە لە شوێنێك رۆژانە كارەساتی قێزەونی لێ‌ ڕوو بدات، كەچی تاقمێكیش داوای سەروەری یاسا بكەن، نموونەش كوشتنی قایمقامی سلێمانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئادار، وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كوێی دنیا هەیە لە سنوورێك ڕۆژانە كارەساتی قێزەونی جۆراوجۆری لێ ڕوو بدات و دەستە و تاقمێكیش داوای سەروەری یاسا بكەن.

زیاتر گوتی، هاووڵاتییان زۆرچاك  ئاگەدارن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چەندان كارەساتی جەرگبڕ ڕوویان داوە كە دوور لە بەها یاسایی و كۆمەڵایەتییەكان و مرۆڤایەتی بوونە.

مرۆڤ ڕووی نەیەت باسی هەموویان بكات
باسی لەوەش كرد، كوشتنی ڕۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر و ڕفاندنیان و هەڵكوتانە سەر بازگەكانی ئاسایش بە چەقۆ و دواتر كوشتنیان، گرتنی قایمقامی سلێمانی و دواتر كوشتنی لە تەمومژێكی نادیار و كوشتنی ئامانج بابانی و منداڵەكەی و هاوسەری، دواجاریش كار گەیشتە تیرۆركردنی پاسەوانی مام جلال خۆی و چەندان كردەوەی تری نامرۆڤانە كە ڕەنگە مرۆڤ ڕووی نەیەت باسی هەموویان بكات.

ڕوونی كردەوە، لاهووری نیو سەرۆكی یەكێتی دێت و ڕووی دەمی ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی مەسروور بارزانی دەكات، بە دەستوەردان لە دادگاكان تۆمەتباری دەكات، حكوومەتێك هێندەی پڕۆژە و خزمەتگوزاری بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە، ڕەنگە بە چەندان ساڵی تریش ئەو كەسانەی حوكمڕانیی ئێستەی سلێمانین، بیریان لەوەها خزمەتێك بۆ سلێمانی نەكردبێتەوە.

لاهوور جەنگی جیا لەوەی لە رووی تەناهییەوە شاری سلێمانی رووبەڕووی تەنگژەی زۆر كردووەتەوە، ئێستە دەیەوێ دەست بۆ قووتی خەڵكیش ببات و سەرچاوەی داراییان وەك سەرجەم رووە بازرگانییەكانی تر وشك بكات.

لاهوور جەنگی كە سەردەستەی تاقمی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017یە، بەتەواوی كار لەسەر تێكدانی كوردستان و رەوشی ژیانی هاووڵاتییان دەكات، لەماوەی ڕابردوویشدا لەژێر سێبەری ئەو، چەندان كەس كوژراون بەبێ ئەوەی هیچ لە دۆسیەكانیان لە دادگا یەكلا بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد