رۆژنامه‌نووسان و چاودێرانی سیاسی له سلێمانی باس له‌وه ده‌كه‌ن، لاهوور جه‌نگی به‌و فه‌وزایه‌ی كه دروستی كردووه، ده‌ستی خستووه‌ته ناو كاروباری دادگا و پۆلیس و ده‌شڵێن، ترس له چاكسازی وایكردووه لاهوور ده‌ست بۆ هه‌موو شتێك ببات.
حوسێن مام ئه‌نوه‌ر چاودێری سیاسی له سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و قسانه‌ی لاهووری جه‌نگی دوێنێ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كرد و تایبه‌ت به دۆسیه‌ی غالب، ده‌ستوه‌ردانه له كاری دادگا، دێت و له جیاتی ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی سلێمانییه‌وه قسه ده‌كات، قسه‌كردنێك نه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ گرتنی ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ی ئاسایشی سلێمانی-پارتی و نه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ داوای ئازادكردنیان ده‌خاته پێش چاو.
خه‌ڵك باش لاھووریان ناسیوه
روونیشی كرده‌وه كه له كاتێكدا ئه‌وه‌ی گرنگه به لای هاووڵاتییانه‌وه، چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه و بێ سه‌روشوێنكردنی تاوانباره‌كه‌یه، نه‌ك به‌لاڕێدابردنی ئه‌و كه‌یسه به تویت و پۆستی فه‌یسبووك، چونكه ئێسته خه‌ڵك هۆشیاره و ناتوانرێ وا به ئاسانی شته‌كان بشێوێنرێت، پێویسته ئه‌م فه‌وزایه‌ی له سلێمانی هه‌یه كۆتایی پێ بهێنرێت و تاوانباری راسته‌قینه و ده‌سته‌كه‌ی پشتی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن، وه‌ك چۆن ئه‌دمینه‌كانی شاسوار عبدالواحدیان هێنایه سه‌ر شاشه.
لای خۆیه‌وه ئه‌رده‌ڵان هه‌ڵه‌بجه‌یی چالاك و رۆژنامه‌نووس به "وشه"ی راگه‌یاند، كه‌سێك كه له پرۆسه‌ی چاكسازی زیان بكات، ده‌بێت ھه‌روا بكات، دواتر دز حه‌زی له بازاڕی شێواوه، جیا له‌وه‌ش ئه‌و له كه‌یسی دكتۆر غالب مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی تێكدانی پێوه‌ندیی نێوان پارتی و گۆڕانه له لایه‌ك و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌یه بۆ یه‌كێتی.
ئه‌وه‌شی گوت، لاهوور ئه‌وه‌ی ده‌ستی داوه‌تێ، پێم وایه ئامانجه‌كانی نایه‌نه دی و خه‌ڵك باش لاھووریان ناسیوه به تایبه‌ت له دوای فرۆشتنی كه‌ركووك.
لاهوور جه‌نگی كه هاوسه‌رۆكێكی یه‌كێتییه و زیاتر وه‌ك به‌رپرسی دژه‌تیرۆر ده‌رده‌كه‌وێ، بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه سێ كه‌سی گرتووه كه به گوته‌ی خۆیان پارتین و له خۆیانه‌وه دۆسیه‌ی غالب محه‌مه‌دیان خستووه‌ته سه‌ریان، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه، ئه‌م شڵه‌ژانه‌ی لاهوور پێوه‌ندیی به‌و دۆسیه‌یه‌وه نییه كه له‌باره‌ی هێرشكردنه سه‌ر غالب محه‌مه‌د لای پۆلیس هه‌یه، هه‌ر پیاوه‌كانی ئه‌ویش بوون كه له شه‌وی ڕووداوه‌كه‌دا ڕێیان نه‌دا پۆلیس هێرشبه‌ره‌كه بگرێت، به‌ڵام چاودێرانی ته‌ناهی ئه‌مه به سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیدار ده‌زانن كه حزب بۆ شاردنه‌وه‌ی بۆشاییه ته‌ناهییه‌كانی سنووره‌كه‌ی، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی بشارێته‌وه و خه‌ڵكی تر تێوه بگلێنێ.
وشه/ سلێمانی