سەركردەیەكی یەكێتی: ڕاكان داوای ئازادكردنی داعشی ترمان لێ‌ دەكات

:: PM:04:07:18/04/2021 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕای دەگەیەنێت، راكان جبووری زانیاری نوێی پێ دراوە  لەسەر مانەوەی داعشی تر لەلایەن یەكێتی، بۆیە داوای ئازادكردنی سێ‌ هەزار داعشی تر دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی نیسان، غازی كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك سەركردەیەكی یەكێتی و كوردێك و كەركووكییەك، بەئەركی سەرشانمی دەزانم ئەو راستییە بسەلمێنم و باكم لە كەس نەبێ لەو كارە هەڵەیەی كە ئەنجام دراوە، لە پێناو رازیكردنی راكان جبووری كە داوای لە یەكێتی كردووە سێ‌ هەزار چەكداری داعشی تر بۆ ئازاد بكەن.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ڕوونی كردەوە، ئێستە داعش داوای ئازادكردنی سێ هەزار ئەندامی لە گرتووخانەكان دەكات بە پێوەندی كەسی لەرێی كەسانێك لە حزبەكەم بووە، هەروەها ئەوانەی پێشتر 300 داعشیان رادەستی راكان كردووە، زانیاریی تریان پێ داوە.
 
ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێت، كاتی ئەوەیە ئەو پرسیارە لەوانە بكرێت كە لە ڕابردوو داعشەكانیان رادەستی راكان جبووری كردەوە، هەروەها منیش دەپرسم ئەی لە بەرانبەر ئازادكردنی ئەو داعشانە چیتان دەست كەوت؟ هیچ پێشمەرگەیەكی دیل ئازاد كرا؟ یان چی بۆ كەركووك كرا و چەند بەڕێوەبەری كورد گەڕێنرانەوە بۆ شوێنی خۆیان؟.

كاوە حەسەن یەكێكە لەو هاووڵاتییانەی كەسە نزیكەكانی بەدەستی داعش شەهید كراون، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەسوكاری ئێمە لە سنووری كەركووك بوونە سووتەمەنی و بازرگانیمان پێوە كرا .

ئەو هاووڵاتییە، نیگەرانی خۆشی  پێشان دا ئەو داعشانەی رۆڵەكانی ئەوانیان شەهید كرد، جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ كەركووك و ئازاد دەكرێن.

 
لەماوەی ڕابردوو ئەو باڵە ئەمنییەی لەناو یەكێتی هەیە گیراوانی داعشیان ئازاد كرد، لەكاتێكدا دەیان پێشمەرگە بە دیل لای داعش گیراون. بەڵام وەك سەركردەیەكی یەكێتی ئاماژەی بۆ دەكات ئەو بەرپرسانەی حزبەكەی لەبەرانبەر ئەو كارەدا چییان دەستكەوت؟. 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - رامیار جەواد