هەفتەی داهاتوو زەیت و شەكر دابەش دەكرێ‌

:: PM:02:16:20/04/2021 ‌
بڕی پێویست زەیت و شەكر بۆ كۆگاكانی هەرێمی كوردستان هاتووە، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت؛ بریكارێكی خۆراكیش دەڵێت، ئێستە دابەشكردنی ئاردی سفر دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، نەوزاد كامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە بەشەخۆراكی ئەو مانگە گەیشتووەتە كۆگاكانی هەرێمی كوردستان و سەرقاڵی پشكنینی دڵنیایین.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتی، بەشەخۆراكی ئەو مانگە بریتییە لە شەكر و زەیت كە گەیشتووەتە كۆگاكان، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت و دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.

سەمەد حاجی ئیدریس بریكاری دابەشكردنی خۆراك لە هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە ئاردی سفر بۆ هەر خێزانێك پێنج كیلۆیە گەیشتووە و دەست كراوە بە دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان.

ئەو بریكارەكەی خۆراك گوتی، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەفتەی داهاتوو كە زەیت و شەكر دەگاتە دەستمان و راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی دەكرێ‌، هەروەها بەشەكان وەك مانگەكانی پێشووە و هیچ زیادەیەكی نییە.

ڕۆژنامەی سەباحی عێراقیش ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستی بە دابەشكردنی دووەم بەشەخۆراكی مانگانە بۆ مانگی ڕەمەزان كرد كە پێكهاتووە لە زەیت و شەكر.

ساڵانە بەهۆی گەندەڵی لە كڕینی خۆراك لەلایەن عێراقەوە، چەند بەشەخۆراكێك ون دەبێت و ساڵی ڕابردوو لە 12 مانگ، تەنیا هەشت بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتییان دابەش كرا و چارەنووسی چوار بەشەخۆراك بە نادیاری ماوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد