بۆچی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی قودس جارێكی تر سەریان هەڵدایەوە؟

:: PM:01:27:11/05/2021 ‌
سەتان فەلەستینی دانیشتووی گەڕەكی شێخ جەڕاح لە رۆژهەڵاتی قودس، مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەلایەن دادگای ئیسرائیلەوە لە ماڵەكانیان دەربكرێن و خانووەكانیان چۆڵ بكرێن.

ئەو پرسە چەند مانگێكە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەكی زۆر و ئەم رەمەزانە ناڕەزایەتییەكان روویان لە هەڵكشان كرد، بەڵام دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسرائیل خۆپێشاندەرانی لە دژی دانانی بەربەست بۆ گەڕەكە كۆنەكان قودس سەركوت كرد، گرژییەكان هێندەی تر زیادیان كرد.

فەلەستینییەكان، رۆژهەڵاتی قودس بە پایتەختی داهاتووی وڵاتەكەیان دەزانن


فەلەستینییەكان، رۆژهەڵاتی قودس بە پایتەختی داهاتووی وڵاتەكەیان دەزانن، ئەوە لە كاتێكدایە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای قودس لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە.

تشرینی دووەمی ساڵی 2020 دادگایەك لە ئیسرائیل بڕیارێكی دەركرد كە بەپێی بڕیارەكە، چوار خێزانی فەلەستینی دەبوو تا مانگی ئایاری ئەمساڵ ماڵەكانیان بۆ چوار هاووڵاتیی جوو چۆڵ بكەن. هاوكات بڕیاری بۆ حەوت هاووڵاتیی تری مسوڵمان دەركردبوو كە تا مانگی ئاب ئەوانیش ماڵەكانیان چۆڵ بكەن.

دوای ناڕەزاییەكی زۆر لەلایەن مسوڵمانانی قودس، دادگایەكی تری ئیسرائیلی پێداچوونەوەی بە بڕیارەكە كرد و پێشنیازی كرد، خاوەن موڵك و داواكارەكان بەیەكەوە بگەنە رێككەوتن، رێككەوتنێكی هاوشێوەی ساڵی 1980 كە لە نێوان فەلەستینییەكانی قودس و رێكخراوەكانی باڵی راستی ئیسرائیل ئەنجام درا. 

دانیشتووانی فەلەستین دەبوو ددان بەوە بنێن كە جووەكان خاوەنی راستەقینەی خانووەكانن و خۆشیان كرێچین


بەپێی ئەو رێككەوتنە، دانیشتووانی فەلەستین دەبوو ددان بەوە بنێن كە جووەكان خاوەنی راستەقینەی خانووەكانن و خۆشیان كرێچین، بەڵام مافیان وەك كرێچی دەپارێزرێت و تا ئەوكاتەی لە ژیان ماون، كەس بۆی نییە لە ماڵەكانیان دەریان بكات.

لە شێخ جەڕاح چی روو دەدات؟

بڕیاری دەركردنی فەلەستینییەكان لە گەڕەكی شێخ جەڕاح و سەرجەم ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی قودس، دۆسیەیەكی كۆنە كە دوای بڕیاری دادگا بۆ چۆڵكردنی خانووی چوار فەلەستینییەكەی ئەو گەڕەكە، جارێكی تر سەری هەڵدایەوە.

ماڵپەڕی كەناڵی تەلەڤزیۆنی جەزیرە نووسیویەتی، بڕیارەكانی ئەمدواییەی دادگای ئیسرائیل، ئەنجامی ئەو كێشە كەڵەكەبووانەن كە ساڵانێكە لە نێوان جووەكان و ئەو فەلەستینییانەدا هەیە كە دەیانەوێ لە ماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوە.

لە ساڵی 1972 كە جووەكان بۆ دەركردنی فەلەستینییەكان لە ماڵەكانیان سكاڵایان لەسەر تۆمار كردن، ئیتر ئەو ناوچەیە بوو بە مەیدانێك بۆ شەڕی یاسایی، جووەكان تاپۆی سەتەی 19یان پێ بوو و دەیانگوت ئەو خانووانە لەسەر زەوییەكانی ئێمە دروست كراون كە لە سەتەی نۆزدەوە بە فەرمی موڵكی ئێمەیە.

ساڵی رابردوو كە دادگای ئیسرائیل ئەو بڕیارەی دەركرد، دانیشتووانی رۆژهەڵاتی قودس كۆمەڵێك ناڕەزایەتییان بەڕێ خست، داوایان لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و حكوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین كرد پشتیوانییان لێ بكەن.

فەلەستینییەكانیش بۆیان نییە خۆیان بە خاوەنی ئەو موڵكانە بزانن كە لە كاتی شەڕەكەدا بەجێیان هێشتوون.


رۆژنامەی هارتسی ئیسرائیل نووسیویەتی، بەپێی یاسای ئیسرائیل تەنیا هاووڵاتییانی ئیسرائیل مافی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە ناو ئەو خانووانەی بەر لە شەڕی عەرەب و ئیسرائیل /ساڵی 1948/ تێیدا بوون، فەلەستینییەكانیش بۆیان نییە خۆیان بە خاوەنی ئەو موڵكانە بزانن كە لە كاتی شەڕەكەدا بەجێیان هێشتوون.

كەناڵی جەزیرەی عەرەبی نووسیویەتی، دۆسیەكە لە دادگایەكی ئیسرائیلی یەكلا كراوەتەوە، بەڵام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، سیستمی دادوەری ئیسرائیل دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر موڵكێتی ناوچە جێ ناكۆكەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بدات.

كێشەكە لە یاساییەوە بوو بە سەربازی

حكوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، نامەیەكی بۆ دادگای نێودەوڵەتی لاهای ناردووە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو فەلەستینییانە بێتە وەڵام كە بە بڕیاری دادگایەكی ئیسرائیل لە ماڵەكانیان دەردەكرێن.

هێشتا وەڵامی دادگای نێودەوڵەتی نەهاتبووەوە كە هێزی عزەدین قاسم باڵی سەربازی گرووپی حەماس رای گەیاند، ئەگەر ئیسرائیل بە خێرایی دەست لە توندوتیژییەكانی هەڵنەگرێت، باجێكی قورس دەدات.

بەگوێرەی بی بی سی ئەو گرووپە هەفتەی رابردوو بۆ ئەوەی پێشانی بدەن پشتیوانی فەلەستینییەكانن كە چەندان هەفتەیە لە قودس خۆپێشاندان دەكەن، چەند مووشەكێكی ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كرد و بەوە هاوكێشەكەی لە زیانی فەلەستینییەكان گۆڕی.

چوار رۆژ لەمەوبەر رۆژی شەشی ئایار، ئەو گرووپە میلیشیاییە هەڕەشەی ئەوەی لە ئیسرائیل كرد كە چەكدارەكانی دەخزێنێتە گەڕەكی شێخ جەڕاح لە رۆژهەڵاتی قودس، ئامانجیشی پشتیوانییە لە خۆپێشاندەران.

هەڵوێستی وڵاتان چییە؟

تۆر ڤێنسلاند بەڕێوەبەری هاوئاهەنگی كاروباری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانی خۆی لە دەركردنی فەلەستینییەكان لە گەڕەكی شێخ جەڕاحی قودس دەربڕی.

بە خێراترین كات دەست لە رووخان و دەركردنی هاووڵاتییانی فەلەستینی لە ماڵەكانیان هەڵگرێت.


لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، داوا لە ئیسرائیل دەكەین لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و یاساكانی مافی مرۆڤ، بە خێراترین كات دەست لە رووخان و دەركردنی هاووڵاتییانی فەلەستینی لە ماڵەكانیان هەڵگرێت.

هاوكات 81 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، شەوی رابردوو لە نامەیەكدا داوایان لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان كرد پاڵەپەستۆ بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەركردنی فەلەستینییەكان لە ماڵەكانی خۆیان رابگرێت.

لە بەیاننامەیەكدا 14 وڵاتی عەرەبی، دەركردنی فەلەستینییەكانیان لە ماڵەكانیان لە رۆژهەڵاتی قودس، شەرمەزار كردووە و داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكە.



وشە - هیدایه‌ت جان