ئەگەر 600 هەزاری ئاوت بۆ هاتەوە تەنیا 180 هەزار دەدەیت

:: AM:10:41:20/06/2021 ‌
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكان دەڵێت، بۆ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان و كارئاسانی ئەو هاووڵاتییانەی بڕە پارەیەكی زۆری ئاویان بۆ دێتەوە،تەنیا 180 هەزار دینار قەرزەكەت دەدەیتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی حوزەیران، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەمیشە بڕیارەكانی تایبەت بە ئاو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو، بۆیە داوایەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكەین ئەگەر بۆ چوار مانگ بڕی 600 هەزارت بۆ هاتووەتەوە، تەنیا 180 هەزار دینار قەرزەكەت دەدەیتەوە.

نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆ هەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت
زیاتر گوتی، پێویستە بۆ بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، هاووڵاتییان لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.

ڕوونی كردەوە، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكانی كۆكردنەوەی پارەی ئاو بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆ هەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت، واتا ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستە تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.

لە چەند مانگی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، ڕێنوێنیی كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەموار كردەوە ، بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.



وشە - رامیار جەواد