دوای هەشت ساڵ ئەحمەدی حاجی رەشید سەرقاڵی چییە؟

:: PM:12:19:16/09/2021 ‌
بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستی پێ كردووە، ئەحمەدی حاجی رەشید چەند رۆژێكە رێی پێنجوێن بەر نادات و دەیەوێ دەنگی جووتیاران بۆ خۆی بەرێت، لە كاتێكدا پێشتر چەندان جار جووتیارانی پێنجوێن، بەهۆی كەمیی نرخی تەماتەوە، خۆپێشاندانیان كردووە، كەچی ئەو پەرلەمانتارە یەك جاریش نەهاتە ناویان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئەیلوول، ئارام كەمال یەكێك لە نوێنەرانی جووتیارانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانماندا، دووچاری كەمی نرخ یان ساخ نەكردنەوەیان لە بازاڕەكان دەبین، چەندان جار لە ساڵانی رابردوودا، خۆپێشاندان و رێی مەدەنیمان بۆ داواكردنی داخوازییەكانمان گرتووەتەبەر.

زیاتر گوتی، یەك جار نەمانبینی یان نەمانبیست لەو پەرلەمانتارانەی خۆیان بە كوردی شەریف و داكۆكیكاری مافەكانی جووتیاران زانیوە و لە پەرلەمانی عێراقن، سەردانی ناوچەكەمان بكەن یان نوێنەری جووتیاران بەرنە بەغدا.

ڕوونی كردەوە، لەگەڵ ئەوەی سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هەر كەس و لایەنێك خۆی بە خەمخۆر و پشتگیریی داواكانمان بزانێت، بەڵام نەك بەلامانەوە سەیر نییە، بەڵكو مایەی پێكەنینە چەند رۆژێكە كەسێكی وەك ئەحمەدی حاجی رەشید كە هەشت ساڵە لە بەغدایە و مانگانە پارەیەكی زۆر و چەوری وەرگرتووە، دەیەوێ جارێكی تر ببێتەوە پەرلەمانتار و نایەوێ كورسییەكەی بەجێ بهێڵێت.

باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری جووتیاران دەزانن مەرامەكانی ئەو چییە؟ لە هاتنی بۆ پێنجوێن و بردنی نوێنەری جووتیاران بۆ شاری بەغدا، ئەگەر ئەو كارەی چەند ساڵی رابردوو بكردایە، ئەوا ئێستە ئێمەش هیچ گومانێكمان لە مەرام و نیازەكانی پشت پەردەی نەدەبوو.

هاوكات بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی "وشە" كردوویەتی، زۆربەی ئەو جووتیارانەی لە سنووری پێنجوێن لە بەردەم كامێرای میدیاكانی پشتگیریی ئەو كاندیدە دەكەن، لەرێی رێكخستنەكانی حزبەكەیەوە كۆ كراونەتەوە، ئەمەش جارێكی تر سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە سەركەوتنەوەی ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەستەمە و ناتوانێ دەنگی جووتیارانی دەرەوەی حزبەكەی بەدەست بهێنێت.

شارۆكەی پێنجوێن، دەكەوێتە دووریی 96 كیلۆمەتری شاری سلێمانی و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی كشتوكاڵی، لە رۆژانی رابردوودا بەشێكی جووتیارانی سنوورەكە، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك رێی سەرەكی پێنجوێن و سلێمانییان بەهۆی كەمیی نرخی تەماتە و هاوردەی تەماتەی ئێرانی گرت، ئەحمەد ئێستە هاتووە ئەو هەلە بقۆزێتەوە. 

وشە، تایبەت


وشە - وشه‌