داعش و سوپای عێراق خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەكەن

:: AM:09:46:19/09/2021 ‌
بە هاتنی سوپایەكی زۆری عێراق بۆ سنووری مەخموور و هەڕەشەی چەكدارانی داعش لە دانیشتووانی چەند گوندێك، لە ئێستەوە ئەگەری شەڕێكی گەورە هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، لە دوێنێوە سوپای عێراق لە سنووری باشووری مەخموور و نزیك قەراج، هێز كۆ دەكاتەوە بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش.

بەشێكی زۆری گوندەكانی سنووری باشووری مەخموور چۆڵ كراون.
شێخەڵا عوسمان موختاری گوندی عۆدۆی بچووك، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی پەلامارە بەردەوامەكانی چەكدارانی داعش، بەشێكی زۆری گوندەكانی سنووری باشووری مەخموور چۆڵ كراون.

زیاتر گوتی، ئەو گوندانەی لە نزیك چیای قەرەچووخن، چۆڵ كراون، مەترسییان لەسەرە،  چەكدارانی داعش لەناكاودا هێرش دەكەن و هاووڵاتی دەڕفێنن و داوای پارە و سەرانە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێوارەی دوێنێ‌ سوپای عێراق، چەند تانكێكی ئەبرامزی ئەمەریكی لە مەخموور جێگیر كردووە.

ئەو پەلامارانەى داعش و هێنانی سوپا و چەك لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئامادەكارییە بۆ شەڕ و پارێزگاری لە سنوورەكە بۆ هەڵبژاردنەكان.



وشە - رامیار جەواد