بۆ سێ‌ ڕۆژ دەرگای قوتابخانەكانی كوردستان دادەخرێن

:: AM:10:31:27/09/2021 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ دەرگای قوتابخانەكان دادەخرێن، ئەوەیش بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی ئەیلوول، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە ڕای گەیاند، تا ئێستە دۆخی تەندروستی و قوتابخانەكان و ناو پۆلەكان باشە، هانی مامۆستایانیش دەدەین ڤاكسین وەربگرن.

لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ خوێندن دەوەستێت
وەزیری پەروەردە گوتی، دەمانەوێ پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت و بۆ ئەو بەردەوامییەش دوو شت زۆر پێویستن، ئەویش پابەندبوونە بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان، لەگەڵ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن مامۆستایان.

باسی لەوەش كرد، لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ خوێندن دەوەستێت، دوو رۆژ بەر لە دەستپێكردنی هەڵبژاردن، قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن رادەستی كۆمسیۆن دەكرێن، رۆژێك لەدوای هەڵبژاردنیش خۆمان رێكی دەخەینەوە و پاشان دەست دەكرێتەوە بە خوێندن.

بڕیارە ڕۆژی یەكشەمی 10ـی تشرینی یەكەم، دوو هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، كۆمەڵێك ڕێكار هەیە بۆ ئەو مەبەستە دەگیرێنەبەر.



وشە - رامیار جەواد