بەرپرسێكی باڵای ئێران یەك هەفتە بە نهێنی لە بەغدا بووە

:: AM:11:46:28/09/2021 ‌
ئاشكرا بووە بەرپرسێكی باڵای سیاسی و تەناهیی ئێران، بۆ ماوەی یەك هەفتە لە بەغدا بووە و سەرپەرشتی خولی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان تاران و ریازی كردووە.

هەواڵەكە یەكەم جار لەلایەن ئاسۆشێتدپرێس بڵاو كرایەوە و لە زاری بەرپرسێكی عێراقی ئەو نهێنییەی ئاشكرا كرد. ئەوان هەفتەی رابردوو لە بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەیان بەڕێوە بردووە.

یەكێك لەو خاڵانەی ئەوان گفتوگۆیان لەبارەی كردووە، ئەوە بووە هەردوولا باڵوێزخانەكانیان چالاك بكەنەوە. لەلایەكی ترەوە تێهران تایمزیش بڵاوی كردەوە، عەلی شەمخانی سەرپەرشتی شاندی ئێرانی كردووە كە بە سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكە هەژمار دەكرێت.

سەرۆكی شاندی سعوودیەش عادل جەبیر بووە كە راوێژكاری سعوودیەیە بۆ كاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە

بەگوێرەی مێدڵست نیوز، سەرۆكی شاندی سعوودیەش عادل جەبیر بووە كە راوێژكاری سعوودیەیە بۆ كاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە. پێشتریش دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە دیمانەیەكدا لەگەڵ CNN ، لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسەكە گوتبووی، ئەگەری زۆرە ئێران و سعوودیە رێك بكەون و ئەمەش دەری دەخات عێراق رێكخەری ئەو كۆبوونەوانەیە و دەیەوێت ئێران و سعوودیە ئاشت بكاتەوە.

پێشبینی دەكرێت ئەوكاتەی عەلی شەمخانی هەڕەشەی لە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە وڵات دەربكەن و چەكیان بكەن، ئەو هەر لە بەغدا بووبێت. 

كاتی خۆی قاسم سلێمانیش ئەوەندەی لە بەغداوە خەریكی چالاكییەكان و پەرەپێدانی هەژموونی ئێران بوو، ئەوەندە لە تاران نەبوو.



وشە - سلێمان تاشان