ماڵباتی شامیل زرار هاتنە دەنگ.. رووداوی كوشتنەكەی جێی گومانە

:: PM:11:25:01/12/2021 ‌
ماڵباتی شامیل زرار/ ئەو گەنجەی لە رووداوی كوشتنی موراد كانیكوردەیی/ كورژا رای دەگەیەنن، رووداوەكە جێی گومانە و داوا دەكەن دەزگا پێوەندیدارەكان روونكردنەوەیان بدەنێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم، شەوقی لوقمان زراری كە ئامۆزای شامیل زرار، بە "وشە"ی راگەیاند، دیار نییە شەهید شامیل چۆن كوژراوە، بۆیە ئێستە چاوەڕوانی دەزگا تەناهییەكان دەكەن بۆ ئەوەی روونكردنەوەیان پێبدەن.

ڕوونیشی كردەوە كە شەهید شامیل دوو هەفتەبوو لە دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری دامەزرابوو، بۆیە گومان هەیە كە رووداوی شەهیدبوونی چۆن بووبێ!.

رۆژی 25ی تشرینی دووەم، لە رووداوێكی تەقەكردن لە رانیە، عەقیدێكی نزیك لە لاهوور جەنگی بەناوی موراد كانیكوردەیی و سێ‌ پاسەوانی كوژران، هاوكات لەو هێزەیش كە بۆ گرتنی كانیكوردەیی و پاسەوانەكانی چووبوون، شامیل زرار كوژراوە.

هەر ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ماڵباتی شامیل زرار رایان گەیاندووە، "لەگەڵ ئەوەی كۆی ڕووداوەكە بەگشتی و شەهیدبوونی ئەو كوڕەی ئێمە بەتایبەت كۆمەڵێك پرسیارو گومانی بەدوای خۆیدا هێنا كە ناكرێ لێیان بێدەنگ بین، بەڵام پێمان باشبوو دان بەخۆمان دا بگرین و داوای ڕوونكردنەوە لەلایەنی پێوەندیدار بكەین".

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە كە، "جگە لە شەهید شامیل، خاوەنی سێ شەهیدی سەنگەری ڕووبەڕووبونەوەی داعش و چەندان شەهید و برینداری داستانەكانی بەرگری نیشتمانین، هێشتا برینی لەدەستدانی شەهیدان (حەسەن سلێمان و لوقمان زرار و فەیسەڵ زرار)مان سارێژ نەبووە".

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەو ماڵباتەیش هاوشێوەی ئەوانەی تر پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە رەت دەكەنەوە كە پێشت بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بۆ كردبوو.





وشە - تایبه‌ت