سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانی تەواوی عێراقییەکانە تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن

:: AM:10:58:03/12/2021 ‌
سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماری شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتییانی بناری چیای قه‌ره‌چووغ بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى سێى كانوونى یه‌كه‌م، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ پەیامێکدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تیرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤیل ده‌كه‌ین كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی ترش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌یه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌یەکی تریان له‌ كاتى ئۆپه‌راسیۆنى ڕاونانى تیرۆرستاندا".

سه‌رۆكى هه‌رێم ئاماژه‌ى داوه‌، "پرسە و سەرەخۆشی قووڵمان ئاڕاسته‌ى خانه‌واده‌ و کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین."

ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌، "هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئیتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت".

"بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازییه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هاوئاهەنگی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشایی ته‌ناهى و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پڕ بکاتەوە." له‌ په‌یامه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌.

ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ ڕوو، "لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان بزانن کە تا پڕۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانی تەواوی عێراقییەکانە تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین".

دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری گوندی خدرجیجەیاندا، لە ئاکامدا سێ کوڕی موختاری گوند، دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو ئافرەتیش برینداربوون، دواتریش بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێڵێکی هێزی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و حه‌وت پێشمەرگەى تر به‌ناوه‌كانى /رائید نه‌فی خولە - نەقیب فەخرەدین سەعید - سەنگەر شەریف - کامەران پوشۆ - یاسین محەمەد - نازم ڕەزا - شوکر ئەبو زێد/ شەهیدبوون.


وشە - محەمەد میران