فەرمانگەی باجی ئێران لە فەرمانێكدا سەرجەم زێڕنگر و سەندیكا پێوەندیدارەكانی ئاگادار كردووەتەوە، بە رێژەی 9% باج بخەنە سەر نرخەكان.
بڕیارەكە لە مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێت و زێڕ و زیو و پلاتین و ئەو كانزایانە دەگرێتەوە كە داخوازییان لەسەر هەیە، خەڵك بۆ مەبەستی جیاواز دەیانكڕن.
حكوومەتی ئێران بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، هانای بۆ سەپاندنی باج بردووە و لە ساڵی رابردووەوە باجەكان بە خێرایی زیادیان كردووە، باری ژیان و گوزەرانی خەڵكیش بەمە قورستر بووە.
حكوومەت باج لەوانەش دەستێنێت كە لیرەی زێڕیان هەیە و لەلای خۆیان رایانگرتووە. پێشتر ئەوانەی كەمتر لە 20 لیرەیان هەبوایە، ئەوا لە باج دەبەخشران، بەڵام ئێستە باج لەوانەش دەستێنرێت و هەر ئەمەش وایكردووە قەبارەی كڕینی سكە و لیرەی زیڕ لە ئێران بە خێرایی دابەزێت.
ئێرانییەكان 19 تۆن و 300 كیلۆ زێڕیان كڕیوە
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، لە نۆ مانگی رابردوودا ئێرانییەكان 19 تۆن و 300 كیلۆ زێڕیان كڕیوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 32% زیادی كردووە. راستە كڕینی زێڕ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی كردووە، بەڵام هێشتا بەراورد بە ساڵانی پێشتر زۆر كەمە، هۆكارەكەش ئەوەیە ساڵی رابردوو قەبارەی كڕینی زێڕ بەهۆی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی رێوڕەسمەكانی زەماوەند و هاوسەگیری، كەمی كردبوو.
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بەتەمایە بۆ بودجەی داهاتوو، داهاتی باج بە رێژە 44% بەرز بكاتەوە.