داوای وەستاندن و سزادانی شاسوار دەكرێت

:: AM:10:48:06/12/2021 ‌
شاسوار بۆ خۆدزینەوە لە باج و قەرزی خەڵك و حكوومەت، هەر ڕۆژە و موزایەدە بە بابەتێكەوە دەكات، پەرلەمانتاران و چاودێرانیش پێیان وایە نەوەی نوێ و شاسوار، دەبێ بوەستێنرێن و باجی ئەم كارانەیان بدەن.

لەمبارەیەوە وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، ئەو جۆرە كەسانە كە ھیچ رابردوویەكی پاكیان نییە لە خەبات و تێكۆشان، ھیچ مافێكیان بەسەر پێشمەرگە و كوردستانەوە نییە، بۆیە نابێ بە ھێچ جۆرێك باسی پێشمەرگە بكەن، چونكە ئەوان لە سایەی خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە بوونەتە خاوەنی سەروەت و سامان و میدیا و پڕۆژە.

ئەو گوتی، ئەگەر ئەو كەشە ئازادە لە ئەنجامی بەرخودان و فیداكاری پێشمەرگە نەڕەخسایە، ئەوان و میدیاكانیان نەیاندەتوانی بە ئازادی و لە كەشێكی سەقامگیردا بژین، بۆیە پێشمەرگە شایانی رێزگرتنە نەك سووكایەتی، ئێستەیش بۆ ھەموو لایەك ئاشكرابوو جگە لە سەرۆك مسعوود بارزانی، كەسی تر خەمخۆری پێشمەرگە و خاكی پیرۆزی كوردستان نییە.
كار و چالاكی نەوەی نوێ نائاسایی و ناسروشتییە

لەلایەكی ترەوە بەختیار محەمەد چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، راستییەكەی كار و چالاكی نەوەی نوێ نائاسایی و ناسروشتییە و خەڵكی كوردستان نابێ بڕوایان پێ بكەن. پێشمەرگە هێزێكی خۆڕاگر و گیانفیدایە و سیمبول و هێمای گەلی كوردە و بۆ هیچ كەس نییە باسی بكات.

" ئەوە لە بێدەنگی حكوومەت و ئارامی و سەقامگیری كەشەكەیە كە هەر كەس هەڵدەستێ، باس لە هەموو شتێك دەكات و بە ناڕەوا هەموو تۆمەتێك دەبەخشێتەوە و هەستی  پێشمەرگە و ماڵباتی شەهید بریندار دەكات. شاسوار بۆ پەردەپۆشكردنی جاشایەتی و دزی و كارە نەشیاوەكانی، دەستی داوەتە دروشمبازی و موزایەدە و پەلاماری حكوومەت و پێشمەرگە دەدات." بەختیار محەمەد وای گوت.

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - تایبه‌ت