سەرۆك بارزانی: پێشمەرگەی كوردستان لە دۆخی بەرگریكردنەوە بكرێتە هێرشبردن

:: PM:03:07:06/12/2021 ‌
سەرۆك بارزانی پەیامێكی گرنگ بڵاو دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، پێشمەرگەی كوردستان ئامادەكاری زیاتر بكات و تەكتیكی جەنگی بگۆڕێت، لە دۆخی بەرگریكردنەوە بكرێتە هێرشبردن.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی كانوونی یەكەم، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكی ڕای دەگەیەنێت، بەداخێكی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە قەرە سالم لە سنووری پردێ، ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزان و كەسوكاری شەهیدانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواكارم رۆحی شەهیدەكان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە كەسوكاریان بدات، هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

سەرۆك بارزانی دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە تیرۆریستان بكرێتەوە. 

لە پەیامەكەیدا ئەوەیش هاتووە، بەهۆی زۆربوونی جووڵە و پەلامارەكانی تیرۆریستان لەمدواییە، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەكاری زیاتر بكات و تەكتیكی جەنگی بگۆڕێت، لە دۆخی بەرگریكردنەوە بكرێتە هێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی داعش و هەموو شەهیدانی رێی ئازادی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد