ئێران هاورده‌كردنی مۆبایلی جۆری ئایفۆنی گرانتر له 600 دۆلاری قه‌ده‌غه كردووه، به‌و بڕیاره‌ش پێشبینی ده‌كرێت قاچاخچییه‌كان هاوشێوه‌ی زۆر به‌رهه‌می قه‌ده‌غه‌كراوی تر، مۆبایلی زیاتر بۆ ئێران بگوازنه‌وه.
ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان سنوورێكی درێژی هه‌یه و له‌و سنووره درێژه‌ش زۆرجار كاڵا و شتومه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو، به قاچاخ ئاودیو ده‌كرێت یان له ئێرانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوازرێته‌وه.
لای هه‌رێمی كوردستان زیاتر ماده‌ی هۆشبه‌ر قه‌ده‌غه كراوه و تیمه‌كان به چاودێریی توندیان، هه‌وڵی رێگریكردن له هاورده‌كردنی ده‌ده‌ن و مانگانه ده‌ست به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ماده‌ی هۆشبه‌ردا ده‌گیرێت و چه‌ندان كه‌سیش ده‌گیرێن.
له دیوی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، زیاتر ئه‌و به‌رهه‌مانه به قاچاخ بۆ ئێران ده‌گوازرێنه‌وه كه لای ئێران قه‌ده‌غه كراون. بۆ نموونه هه‌ر له كۆنه‌وه خواردنه‌وه‌ی كحوولی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ئێران گواستراوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی تریش له سنووره‌كان به قاچاخ ئاودیو ده‌كرێن كه به قاچاخبردنه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به خۆدزینه‌وه له رسوومات و باج هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به قه‌ده‌غه‌بوونی كاڵاكه نییه.
ئه‌گه‌ر به فه‌رمی بگواسترابنه‌وه، باجیان خراوه‌ته سه‌ر
ئایفۆن و زۆر له به‌رهه‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كان له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ئێران گواستراونه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر به فه‌رمی بگواسترابنه‌وه، باجیان خراوه‌ته سه‌ر. ئێسته كه چوونی به‌رهه‌می ئایفۆنی گرانتر له 600 دۆلار له ئێران قه‌ده‌غه كراوه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌و جۆره ئایفۆنه له‌مه‌ودوا زیاتر به قاچاخ هه‌نارده بكرێت.
شاهۆ شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئێم سه‌نته‌ر له هه‌ولێر كه مۆبایل و به‌رهه‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌فرۆشێت، بۆ ''وشه'' ئاماژه‌ی دا، مۆبایل هه‌موو كاتێك لێره‌وه به قاچاخ بۆ ئێران و توركیا گواستراوه‌ته‌وه، هۆكاره‌ش بۆ به‌رزبوونی باج و رسووماتی ئه‌و وڵاتانه له‌سه‌ر مۆبایل ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و روونی كرده‌وه كه خۆیان ئه‌م كاره ناكه‌ن، به‌ڵام كڕیاریان هه‌یه و ده‌شزانن به‌رهه‌مه‌كان بۆ وڵاتانی تر ده‌گوازنه‌وه و زیاتر له ئێران ئه‌و به‌رهه‌مانه به قاچاخ بۆ توركیا گواستراونه‌ته‌وه.
ئایفۆنی جۆری پرۆماكس، له ئێران و توركیا به هه‌زار و 700 دۆلاره، به‌ڵام لێره به هه‌زار و 200 دۆلار دێته كڕین
بۆ نموونه مۆبایلی ئایفۆنی جۆری پرۆماكس، له ئێران و توركیا به هه‌زار و 700 دۆلاره، به‌ڵام لێره به هه‌زار و 200 دۆلار دێته كڕین و ئه‌گه‌ر به قاچاخ بۆیان بگوازرێته‌وه، كه‌سی قاچاخچی خێرێكی زۆری ده‌ست ده‌كه‌وێت و ده‌توانێ به نرخێكی كه‌متر له بازاڕه‌كانی توركیا و ئێرانیش ساغی بكاته‌وه.
شاهۆ شه‌ریف له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی مۆبایلی گرانبه‌ها له‌لایه‌ن ئێران، پێشبینی كرد له‌مه‌ودوا ژماره‌یه‌كی زیاتری مۆبایل بۆ ئه‌و وڵاته بگوازرێته‌وه.
كێشه‌ی ریجسته‌ری مۆبایله‌كانیش چاره‌سه‌ر كراوه و به گوته‌ی فرۆشیاره‌كه، حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه ناتوانن رێگریی لێ بكه‌ن، چونكه شوێنی زۆر هه‌یه كه به پێدانی بڕێك پاره ریجسته‌ر ده‌كرێن و بێ كێشه كار ده‌كه‌ن.
جێی باسه ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ئێران رای گه‌یاند، هاورده‌كردنی هه‌ر جۆره مۆبایلێك كه نرخه‌كه‌ی له 600 دۆلار گرانتر بێت، قه‌ده‌غه كراوه.
عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی رابردوو داوای له حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران كردبوو، هاورده‌كردنی مۆبایلی گرانبه‌ها قه‌ده‌غه بكات. رۆحانی ئه‌وكات ته‌نیا رسوومات و باجی بۆ دوو هێنده گران كرد، به‌ڵام هاورده‌كردنی مۆبایلی گرانبه‌های قه‌ده‌غه نه‌كرد.
بۆ هه‌ر مۆبایلێك كه نرخه‌كه‌ی سه‌رووی 600 دۆلار بووایه، حكوومه‌تی ئێران 12% باجی خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام له‌مه‌ودوا هاورده‌كردنی قه‌ده‌غه‌یه.
خامنه‌یی چه‌ند جارێك له‌سه‌ر به‌كارهێنانی مۆبایلی گرانبه‌های ئه‌مه‌ریكی هۆشداری به هاووڵاتییان دابوو، داوای لێ كردبوون به‌رهه‌می ئه‌مه‌ریكی نه‌كڕن، كه‌چی دواتر له میدیاكان بڵاو بووه‌وه خامنه‌یی تویتێكی به مۆبایلی ئایفۆن كردبوو.
وێنه‌یه‌كی كچی قاسم سلێمانی بڵاو كرایه‌وه، كه مۆبایلێكی جۆری ئایفۆن پرۆماكس 13ی پێ بوو
له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا وێنه‌یه‌كی كچی قاسم سلێمانی بڵاو كرایه‌وه، كه مۆبایلێكی جۆری ئایفۆن پرۆماكس 13ی پێ بوو كه به گرانترین مۆبایلی كۆمپانیای ئه‌پڵ هه‌ژمار ده‌كرێت.
به‌پێی ئاماره‌كانی گومرگی ئێران له هه‌شت مانگی رابردوودا، به به‌های دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، مۆبایل له وڵاتانی تره‌وه هه‌نارده‌ی ئێران كراوه و به‌راورد به ساڵی رابردوو 8% زیادی كردووه.