هیندستان... 600 قوتابخانەی ئیسلامی داخرا

:: PM:08:12:20/03/2023 ‌
هیمانتا سارما حاكمی ویلایەتی "ئاسام"ی هیندستان بڕیاری داخستنی 600 قوتابخانەی ئیسلامی لە ویلایەتەكەی دا و بەڵێنیشی دا كە قوتابخانەی زیاتری ئاینی لە ویلایەتەكە دادەخەن، ئاماژەی بەوەیش كردووە كە ئەوان قوتابخانە و كۆلێژە فەرمییەكان بەباشتر دەزانن لە قوتابخانە ئاینییەكان. 

ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئاداری 2023،  هیمانتا سارما حاكمی ویلایەتی "ئاسام" لە هیندستان لەمیانی پێشكەشكردنی گوتارێكدا لە ئاهەنگێكی هیندۆسییەكان لەبەردەم خەڵكێكی زۆر رای گەیاند، ئەم قوتابخانە دەبنە مایەی ترس لەسەر كلتوور و شارستانیەتمان. 

لە درێژەی قسەكانیدا "سارما" زیاتر گوتی، هیچ قوتابخانەكی ئیسلامییمان ناوێ لە ویلایەتەكەمان، لە بەرانبەردا قوتابخانە و زانكۆ و كۆلێژی فەرمیمان پێویستە، ئاماژەی بەوەیش كرد كە لە بەرنامەی دایە تەواوی قوتابخانە ئاینییەكانی تریش لە ویلایەتەكەیدا دابخات. 

"ئێمە پێویستمان بە بەرهەمهێنانی دكتۆر و ئەندازیار و مامۆستایە نەك قوتابخانەی ئاینیی" لە درێژەی قسەكانیدا هیمانتا سارمای حاكمی ویلایەتی "ئاسام" لەبەردەم ئامادەبوواندا رای گەیاند. 

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئێمە زۆر کەسمان هەیە لە هیندستان کە بە شانازییەوە دەڵێن موسڵمانن یان مەسیحین. ئێمە پێویستمان بە کەسانێکە کە بتوانن بە شانازییەوە بانگەشەی هیندۆسی خۆیان بکەن و ئەوە ئەو جۆرە کەسانەن کە دەتوانن هیندستانی نوێ دروست بکەن”.

لەبەرانبەر ئەم بڕیارەیدا حاكمی ویلایەتی "ئاسام" رووبەرووی رەخنەیەكی زۆر بووەوە لەلایەن مسوڵماانانی هیند، چونكە ئەم بڕیارەی پێچەوانەی بەهاكانی ئازادی مرۆڤە و هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزە. 

ویلایەتی ئاسام یەكێكە لە ویلایەتەكانی هیندستان، دەكەوێتە بەشی باكوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكە و  رووبەرەكەی بە نزیكەی 79 هەزار كیۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەكرێت.


وشە - تایبه‌ت