كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی بودجە لە ماڵی هادی عامری دەستی پێ كرد

:: PM:12:31:07/06/2023 ‌
سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، لە ماڵی هادی عامری دەستیان بە كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن و دوابڕیار لەبارەی بودجەوە دەدرێت، لە چەند سەعاتی داهاتوو دا ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێ‌.

بەهۆی دەستكاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پەسندكردنی بودجە دواكەوت و هەرێمەكە ناڕەزایی توندی بەرز كردوەوتەوە. بەڵام گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەردەوامە و ئەمڕۆ دوا كۆبوونەوەی سیاسیی دەكرێ.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی حوزەیران، لە ماڵی هادی عامری سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیگ، كۆبوونەوەی یەكلاكردنەوەی بودجەی 2023 تا 2025 لە چەند سەعاتی داهاتوو دا ئەو كۆبوونەوەیە دەكرێ‌، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانیش بەشدارە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی 10 تشرینی یەكەمی 2021ن كە بە جێبەجێكردنی داواكانی كورد و كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی، توانیان حكوومەت پێك بێنن. بەڵام وەك هەمیشە بە جۆرێك خۆیان لە رێككەوتنەكە لەگەڵ كورد كشاندووەتەوە و نوێنەرانیان لە پەرلەمان، لە بودجەدا دەسكاری بەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دەیانەوێ گۆشەگیری بكەن. 

هەفتەیەكی تەواوە گفتوگۆی روون لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی كێشەكانی بودجە دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆیش چوارچێوەكە دوابڕیاری خۆی دەدات، وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق كە تایبەتە بە گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر بودجەی سێ ساڵی داهاتوو.

گۆڕانكارییەكانی بودجە كە لیژنەی دارایی كردی و دەقی ئەو رێككەوتنەی گۆڕی كە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا كرابوو، بە هۆیەوە كێشە دروست بووە و كورد بە دەسكارییەكان رازی نین و بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو لا خۆیان یەكلا بكەنەوە، بۆ ئەوەی سبەی لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگ بە بودجە بدرێت.


وشە - رامیار جەواد