ئایا دەزانی زێڕی عەیار 24ـی گیادەرمان چییە؟

:: PM:12:18:15/01/2024 ‌
پزیشكێكی گیادەرمانە سروشتییەكان دەڵێت، زەردەچەوە سوودی یەكجار زۆری هەیە و یەكێكە لەو بەهاراتانەی پێی دەگوترێت، زێڕی عەیار 24ـی گیادەرمانە سروشتییەكان.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی دووەم، بەدر قادر سوورچی پزیشكی گیادەرمانە سروشتییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، زەردەچەوە (كركم)، یەكێكە لەو خواردنانەی پێی دەگوترێتsuper food .

زیاتر گوتی، زەردەچەوە یەكێك لەو بەهاراتانەی رۆژانە بە شێوازێكی زۆر بەكار دەهێنرێت، زەردەچەوە جۆرێكە لە بەهاراتی ڕەنگ زەردی مەیلەو پرتەقاڵی كە زیاتر لە هندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردێت، بە ڕێژەیەكی زۆر لە خواردن دروستكردندایە.

باسی لەوەش كرد، دەتوانین ڕۆژانە بەیانی زوو یان ئێواران پێش نانخواردن، یەك كەوچك چا زەرەدەچەوە بخۆین لەناو یەك پەرداخ ئاوی كوڵاو یان شیری گەرم، یان واباشە یەك كەوچكی زەڵاتە بیبەری رەش یان بیبەری سپیی هاڕاوە، لەناو 100 گرام زەردەچەوە بكرێ پێش بەكارهێنانی، بۆ ئەوەی كێشەی هەڵمژینی نەبێت لە ڕیخۆلەكان.

بە گوتەی ئەو پزیشكە، زەردەچەوە ئەو سوودانەی هەیە:

- باشترین دژەهەوكردنی ڤایرۆس و بەكتریا و كەڕووە.
- خانەكانی مێشك دەپارێزێت و ناهێڵێت تووشی شیبوونەوە ببن، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی میمۆریی مێشك، دەمانپارێزێت لە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر "لەبیرچوونەوە".
– سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەكات كە ئەمەیش دەبێتە هۆی پاراستنی جەستە لە نەخۆشی.
- كاریگەریی هەیە لەسەر باری دەروونی و خەمۆكی، بەتایبەتی مادەی كوركمین curcumine كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی ناو زەردەچەوەیە و یارمەتی كەمكردنەوەی خەمۆكی دەدات.
- یارمەتیی جێگیركردنی ڕێژەی شەكرەی ناو خوێن دەدات، لەبەرئەوە یەكێكە لەو خواردنانەی بەكار دێت بۆ ڕێگرتن و چارەسەركردنی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو. 
- كەمكردنەوەی ئازار و ناڕەحەتییەكانی پێش سووڕی مانگانە.
- دەبێتە هۆی دابەزینی چەوریی جۆری LDL كە ناسراوە بە چەوریی خراپ، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پاراستنی دڵ.
- بۆ كەمكردنەوەی ئازاری جومگە و سەرئێشە.
- گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان دەوەستینێت، یارمەتیی ئەو ئەنزیمانە دەدات كە خانەكان پاك دەكەنەوە و بەشێوەیەكی باشتر كار بكەن.
- ئازاری سك كەم دەكاتەوە و نیشانەكانی كۆڵۆن كەم كاتەوە.
- دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دروستبوونی زیپكە.
- رێگری لە چرچولۆچیی رووخسار دەكات.

ئەو پزیشكە دەڵێت ئاگاداربن ئەوانەی خوارەوە نابێت بەكار بهێنن:
١- ئەوانەی كەمخوێنی و كێشەی جگەریان هەیە.
٢- ئەوانەی كێشەی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدەیان هەیە.
٣- ئەوانەی شێرپەنجەی مەمك و رەحمیان هەیە.
٤- ئەو پیاوانەی كێشەی گونیان هەیە.
٥- ئافرەتی دووگیان.
٦- ئەو كەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە.
٧- ئەوانەی كێشەی زەرداویان هەیە.
٨- نابێت پێش نەشتەرگەری بخورێت.


وشە - رامیار جەواد