"سەرەڕای چاوەڕوانییەكانی كورد هێشتا هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقدایە"

:: PM:01:54:17/02/2024 ‌
دوای رێككەوتنی كورد لەگەڵ لایەنەكان، چاوەڕوان دەكرا كە پڕۆژەیاسای بودجە زوو تەواو بێت و كێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، كەچی ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هێشتا هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلانداناندایە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان شاندی ناردووەتە بەغدا تا بەزوویی پڕۆژەیاسای بودجە بچێتە پەرلەمان و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان تێپەڕێت، بەڵام وادیارە هێشتا ئەو پڕۆژەیە نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیران تا بنێرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

لەبارەی هەمواری یاسای بودجەوە جەمال كۆچەر ڕای گەیاند، "هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقدایە، چاوەڕێ دەكرێت ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و ئەگەری هەیە لە سەرەتاكانی مانگی ئادار بگاتە پەرلەمان".

"ئێستە هەمواری یاسای بودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، توێژینەوەی لەسەر دەكرێت و دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت، دوای كۆتاهاتنی كاروبارەكان، ڕەوانەی لیژنەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێ بكرێت". جەمال كۆچەر وای گوت.

جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، لە نێوان لایەنە شیعەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەتدا ڕێككەوتنێكی سەرەكی هەیە، سەرجەمیان لەگەڵ ئەوەدان هەمواری یاسای بودجە بە هەمواركردنەوەی بڕگەكانی پێوەست بە پارەداركردنی هەرێم تێپەڕێت.



وشە - سۆران عەزیز