خواردنەوەی چا راستەوخۆ دوای رۆژووشكاندن باش نییە

:: PM:05:09:17/03/2024 ‌

ئێستە دنیای ئیسلامی لەناو مانگی رەمەزاندایە و زۆرینەی موسڵمانان بەڕۆژوون، لەو مانگەدا سیستمی خۆراك و خەو، تەنانەت جموجۆڵ دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە خۆیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بگونجێنن، شارەزایانی بواری خۆراك وریایی لە خواردنەوەی راستەوخۆی چا لەدوای رۆژووشكاندن دەدەن و بە هەڵەی دەزانن.

شارەزایانی خۆراك رێنوێنیی ئەوە دەدەن كە وا باشترە چا 40 خولەك دوای رۆژووشكاندن بخورێتەوە، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە زیانەكانی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەخۆشی كەمخوێنی و هەوكردنی گەدەیان هەیە، چونكە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانەكانی گەدە.

لەوكاتەی شارەزایانی خۆراك باسی سوودە زۆرەكانی چا دەكەن، لەوانە پاراستنی تەندروستیی دڵ و كەمكردنەوەی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆڵ و شەكرەی خوێن، ئەوەش بەهۆی بوونی مادەی فلافان-3-ئۆڵس، وەك ماڵپەڕی "هێڵس"ی پزیشكی باسی دەكات، جیا لە پاراستن لە هەندێك جۆری نەخۆشی شێرپەنجە وەك دەم و مەمك و ناوپۆشی مندااڵدان و جگەر.

هەروەها بەهۆی بوونی مادەی پۆلیفینۆڵ لەچا، كە وەك دژەئۆكسێنەر كار دەكات، رێگری لە گەشەكردنی خانە شێرپەنجەییەكان دەكات. هەروەها كاریگەری لەسەر تەندروستیی مێشك هەیە و مرۆڤ وریا دەكاتەوە توانای بیرهاتنەوەی شتەكانی باش دەكات و هۆشیارتری دەكات، جیا لە توانای بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش و كەمكردنەوەی مەترسی مردن بەهۆی كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن و سەكتەی مێشك، پلەی گەرمی لەش و پرۆسەی هەرسكردنیش رێك دەخات.

بەڵام هەندێك كەس هەن پێویستە لە زۆر خواردنەوەی چا، بەتایبەتی راستەوخۆ دوای رۆژووشكاندن دوور بكەونەوە لەوانە، ئەوانەی هەستیاریان بۆ كافایین هەیە و بەدەست سەختیی خەوتنەوە دەناڵێنن، ئەوانەی كەمخوێنیان هەیە، چونكە كار لە مژینی ئاسن لە لەش دەكات، كە كانزایەكی پێویستە بۆ دروستكردنی ئەو پرۆتینەی كە ئۆكسجین لە خوێندا دەگوازێتەوە. هەروەها ئەوانەی هەوكردن یان برینی گەدەیان هەیە، پێویستە زۆری لێ نەخۆنەوە، چونكە دەردانی ترشی گەدە زیاتر دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل