داتا.. یەكێتی چۆن ئامادەكاری بۆ ساختەكاری هەڵبژاردن كردووە؟

:: PM:08:13:18/03/2024 ‌
هێشتا خەڵكی كوردستان رووداوەكانی ئەلبیسەكەی سلێمانی بیرنەچووەتەوە كە یەكێتی بە هەموو توانایەوە كەوتە ساختەكاری لە سندووقەكانی دەنگدان، ئەمجارە دەیانەوێ‌ جیا لە ئەلبیسەكە وەك هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدانیش سوود لە فەیلەقی قودسی ئێران وەربگرن. 

یەكێتی كە ئەزموونێكی رەشی لە هەڵبژاردن هەیە و سەرباری ساختەكاری و هاككردنی میمۆری و سوود وەرگرتن لە فەیلەقی قودسی ئێران، هەر تووشی شكست هاتووە، هەرچەندە بە پیلانگێری زۆر هەوڵدەدات هەڵبژاردن بكرێ‌ و گەلەكۆمی بكات، بەڵام بڕیارێكی پارتی ریسەكەی لێ‌ كردنەوە بە خووری. 

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، ئەوە روونە كە پارتی هەرگیز لە هەڵبژاردن نەترساوە و یەكەم حزبیش بووە داوای كرد لەكاتی خۆیدا بكرێ‌، بەڵام هەلومەرجی كوردستان و ناوچەكە بۆ ئەوە ناشێ‌ هەڵبژاردنێكی پاك بەڕێوە بچێت.

بەرپرسەكە بۆ "وشە" گوتویەتی، هەڵبژاردنێك فەیلەقی ئێران پیلانی بۆ دابنێ و هەوڵی ساختەكاری بدات بەشداری نەكردن باشترە و ناكرێت سیستمێكی سەپێنراو هەبێت. 

ئەم هەڵبژاردنەی كە بڕیارە لە 10ی حوزەیران بەرێوە بچێت لە دەرەوەی ساختەكاری یەكێتی نەبوو بەڵكو پیلانی گەورەی بۆ دانراوە، كە گەورەترە لە رووداوی ئەلبیسەكە.

ساختەكاری گەورە ئەلبیسەكە كە مێژوویەكی رەشی هەیە بۆ یەكێتی ئەوكاتە دەركەوت كە ئەو حزبە چەندان سندووقی گۆڕیوە و ساختەكاری كردووە، ئەو كاتە كۆمەڵی ئیسلامی ئەوكات گوتی، تەنیا لە ئەلبیسەكە یەكێتی دوو هەزار دەنگی كۆمەڵی دزیوە. 

هاوكات بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلایەن ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە خراونە روو، دوای ئەوەی بزووتنەوەكە بەدواداچوونی بۆ ئەنجامی دەنگەكان و CDیەكانی كۆمیسیۆن كردووە، بۆی دەركەوتووە، لە 133 وێستگەدا "ساختەكاری گەورە" كراوە، بەشێوەیەك لەو وێستگانەدا زیاتر لە 14 هەزار دەنگیان كەمكراوەتەوە، هەر بەپێی بەڵگەكانی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، 14 هەزار و 678 دەنگی گۆڕان براون بۆ یەكێتی.

بەو پێیەی تەزویر گۆڕینی رووی راستییەكان و زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنێت، لەبەرئەوەی بە تاوان ئەژمار دەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە غەشكردن لە ئاینی ئیسلامیشدا بە تاوان و بێبەریكردن لە ئیسلام ناوبراوە.

ساڵی 2018 جیاواز لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لەم پرۆسەیەدا ساختەكاری بووە ئەلكترۆنی كە رەنگە ئاسانتر بوبێت بۆ یەكێتی كە ئێران هاوكاری كرد، ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 بە شێوەیەك كرا كە لە ئاستی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەچوونی پرۆسەكە، بە شێوەیەكی ئاسایی بەرێوەچووە، بەڵام لە ئامێری دەنگەكان و ناردنی بۆ ناوەندی نیشتیمانی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد كێشە ساختەكاریەكە كراوە و دەستكاری دەنگەكان كراوە، بەشی زۆری فلاش میمۆریەكان نەگەڕێنراونەتەوە.


وشە - وشه‌