شارەزایەكی ئابووری: بەغدا چاوی هەرێم نابینێت و نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ ئەو دۆخەی دروست كرد

:: PM:09:50:18/03/2024 ‌
 
خاڵی بەهێزی ئابووریی سەربەخۆ ئەوە بوو كە حكوومەت خاوەنی داهاتی خۆی بوو و مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی بێ كێشە دابەش دەكرد، بۆیە گرنگیدانی لەپێشینەی حكوومەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بوو، ئەگەر كەمترین پارەش لە دەستی حكوومەت بوایە، هێشتا مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بوو، شارەزایەكی ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا چاوی هەرێم نابینێت و نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ ئەو دۆخەی دروست كرد.

رابەر میرزا، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو هیچ كێشەیەكی مووچەی نەبوو، ئەو داهاتەی حكوومەت بە دەستی دەكەوت، لە مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەكان بەكاری دەهێنایەوە، بۆیە هەرگیز بەغدا نابێتە حكوومەتی هەرێم، دەسەڵاتدارانی بەغدا چەندان ساڵە گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، حكوومەتی هەرێم لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو بەبێ كێشە مووچەی دەدا، هیچكات ئەوەی نەكرد كە بەغدا لەو چەند مانگە بەرانبەر بە هەرێم و فەرمانبەران كردیان، هەموو هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش بۆ ئەوە بوو مووچە لەكاتی خۆیدا بدرێت.

روونی كردەوە، ئێمە خاوەنی خۆمان بین لە هەموو كەس و وڵاتێك باشترە، رۆژانە دەبینین چۆن سەركردە و ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە دژی هەرێم قسە دەكەن، ئەوە سیاسەتی راستەقینەی بەغدایە لەگەڵ هەرێم و نابێت دانیشین و بڵێین بەغدا دەمانژیێنێت و دڵسۆزمانە، نەخێر بەغدا چاوی هەرێم نابینێت، دووپاتی كردەوە، نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ ئەو دۆخەی دروست كرد، چونكە لە ئابووریدا هەر كەس خاوەنی سەربەخۆیی خۆی نەبێت، دەبێت هەمیشە چاوت لە دەستی بەرانبەر بێت.
 
لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات كارێكە ئەوپەڕی سیاسەتی برسیكردنە، بەغدا بەتەواوی دژی خەڵكی كوردستانە و بابەتەكەی بە سیاسی كردووە، لەكاتێكدا مووچە پێوەندیدار نییە و دەبێت جیا بكرێتەوە و مافی خەڵكە، حكوومەتی عێراق لەگەڵ چارەسەری كێشەكان نییە و دەیەوێ بە هەموو شێوەیەك هەرێم لاواز بكات و سزای بدات.

زیاتر گوتی، ئابووریی سەربەخۆ زۆر گرنگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەتا خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ نەبێت، بەغدا هەر بەو جۆرەی ئێستە كێشەی بۆ دروست دەكا و مووچە بە دڵی خۆی دەنێرێت، بەو هۆیەشەوە كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت، وەك چۆن لە 2014 هەمان شت رووی دا و مووچە نەدرا، ئێستەش هەر وایە.

 پێوەست بەو بابەتە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە"ئاماژە دەكات، ئەوانەی دەكڕووزانەوە و دەیانگوت دەبێ هەموو شت بدرێتە عێراق، چونكە ئەوان بەشی خۆمان بە زیادەوە بۆ دەنێرن و زۆر زوو دەگەشێینەو، هەندێك بە بێ ئەوەی هیچ بزانن، هەر لە خۆیانەوە كەوتبوونە دوای قسە و باسی بابەتەكەیان دەكرد، وایان نیشان دەدا كە حكوومەتی هەرێم بەغدا ناناسێت، وا كەوتبوونە پیاهەڵدان بە بەغدا، وەك ئەوەی بڕیارەكە لای خۆیان بێت، كەچی ئێستە كە عێراقی خۆشەویستیان بووە بە خاوەنی قووتی خەڵكی كوردستان، هەر جارەی بە بیانووێك دەستی دەستی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات و خۆشیان مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل