"سیستمی بانكیی عێراق جێی متمانە نییە و ئابووریی ئەو وڵاتە لەبەردەم نسكۆدایە"

:: PM:11:17:20/03/2024 ‌

لەبەرانبەر ئەو بێدەسەڵاتییەی حكوومەت و بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆنترۆڵكردنی كەرتی ئابووری و دارایی وڵات و بەردەوامیی سزاكانی ئەمەریكا، هاووڵاتییانی عێراق ترسیان لە دانانی پارەكانیان لە بانكە ناوخۆییەكان هەیە، لەوە دەترسن نەتوانن جارێكی تر پارەكانیان بكشێننەوە، بۆیە متمانەیان نەماوە، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەگەر سزاكان بەردەوام بن، رەنگە بانكی ناوەندیش بگرێتەوە، ئەوكات ئابووری و دارایی عێراق دەكەونە بەرانبەر نسكۆیەكی راستەقینە.

بانكی ناوەندیی عێراق كاتێكی زۆری كوشت بێ ئەوەی مەرج و داواكارییەكانی  وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا جێبەجێ بكات، ئەوەش وای كرد وەزارەتەكە خۆی سزای ئەو بانكانە بدات كە كارەكانیان گومانیان لەسەرە، لەوەش زیاتر ئەگەری دەركردنی سزای زیاتر هەیە و چەند بانكێك بەمنزیكانە سزایان بۆ دەردەچێت، جیا لە كۆمپانیا و كەسایەتییەكان، كە بە رووكەشی چەند لایەنێكی تۆمەتبارن بە تیرۆر، شارەزایانی ئابووری دووپاتی دەكەنەوە، یەكەم لایەنی حكوومەتی كە بكەوێتە ژێر سزاكانی ئەمەریكا بانكی ناوەندی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی نسكۆیەكی گەورەی ئابووری و دارایی لە عێراق.

لە عێراق ژمارەیەكی زۆری بانكی حكوومەتی و تایبەت هەیە، ژمارەیان 78 بانكە، لەوانە حەوتی حكوومەتییە كە یەكێكی ئیسلامییە، جیا لە 28 بانكی تایبەتی ئیسلامی و 25 بانكی بازرگانیی ناوخۆیی و 16 بانكی بازرگانیی بیانی و دوو بانكی تری بیانیی ئیسلامی كە خاوەنی 891 لقن و زۆرینەی لە دوای 2003 دامەزراون، لەپاڵ دەروازەی فرۆشتنی دۆلار لە بانكی ناوەندیی عێراق. 

عومەر حەلبووسی، شارەزای ئابووری هۆكاری دووركەتنەوەی هاووڵاتییان لە دانانی پارەكانیان لە بانكەكانی بۆ ژمارەیەك هۆكار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە بێمتمانەییان بە كەرتی بانكی عێراق، بەتایبەتی دوای هەرەسهێنانی ژمارەیەك بانك كە سەرەڕای سكاڵای خەڵك لە بانكی ناوەندی و دادگا ئەوان پارەی خەڵكیان نەگەڕاندەوە. 

روونی كردەوە، هەروەها لاوازیی بانكی ناوە ندی عێراق لە كۆنترۆڵكردن و چاوەدێری كاری بانكەكان هۆكارێكی ترە، جیا لەوە خاوەنی زۆرینەی بانكە تایبەتەكان كەسانێكی تۆمەتبارن بە گەندەڵی یان سەر بە لایەنی دەرەكین، ئەوانەش وایان كردووە خەڵك متمانە بە سیستمی بانكی بەگشتی نەكات، لەسەر هەموو ئەوانەش سزاكانی ئەمەریكا بۆ ژمارەیەك بانكی تایبەت، دۆخەكە خراپتر كرد، چونكە ترسیان هەیە پارەی ئەو بانكانە دەستی بەسەردا بگیرێت و بلۆك بكرێت و نەتوانن بۆ خەڵكی بگەڕێننەوە، بۆیەش بە زیادبوونی سزاكانی ئەمەریكا خەڵكەكە زیاتر لەو بانكانە دەكشێتەوە.  

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر 32 بانكی تایبەتی عێراقی داوە لە كۆی 72 بانك، سزاكان دوو جۆرن، یەكەمیان قەدەغەی مامەڵەكردن بە دۆلار و دووەم سزای نووسینگەی بەڕێوەبردنی پارەی بانكە بیانییەكانە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، لەوانە سزادانی بانكی هودای ئیسلامی، واتە ئەو بانكە ناتوانێت چیتر مامەڵە بە دۆلار بكات و بانكە بیانییەكانیش ناتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، ئەوەش بەهۆی پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی بانكەكەیە.

حەلبووسی دووپاتی كردەوە، سزای گەنجینەی ئەمەریكا بۆ سەر بانكە عێراقییەكان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی داراییە لەوانە سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی تیرۆر و فێڵكردن لە سزاكانی ئەمەریكا و و قاچاغی دۆلار و بەكارهێنانی وەسڵی ساختەی بازرگانی، لەوكاتەی پێشتر وەزارەتەكە داوای لە بانكی ناوەندی عێراق كردبوو بە چاودێریكردنی كاری ئەو بانكانە و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەی سەرەوە.

ئەو شارەزایە پێی وایە بانكی ناوەندیی عێراق چاوپۆشی لەو داوایەی ئەمەریكا و ئەو بابەتە كرد، ئەوەش وای كرد كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا خۆی سزا بەسەر ئەو بانكانە بسەپێنێت و ئەگەری فرەوانبوونی لیستی بانكە سزادراوەكان هەیە و بەمنزیكانە ژمارەیەك بانكی تر بەهۆی تاوانی داراییەوە سزا دەدرێن، جیا لە سزادانی ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتی كە بریتین لە رووكەشی چەند لایەنێكی تۆمەتبار بە تیرۆر. 

حەلبووسی پێی وایە یەكەم لایەنی حكوومەتی كە سزای بەسەردا دێتە سەپاندن بانكی ناوەندیی عێراقە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نسكۆیەكی ئابووری و دارایی مەترسیدار، روونی كردەوە، قەبارەی ئەو بڕە پارەی تا كانوونی یەكەمی 2023 لە بانكی ناوەندییەوە دەركراوە، 114 ترلیۆن دیناری لە بانكە حكوومەتییەكان هەڵگیراوە، 14 ترلیۆن دیناری لە بانكە تایبەتەكانە، زیاتر لە 95 ترلیۆن دیناریش لە دەرەوەی بانكەكانە لە ماڵ و شوێنەكانی تر، بۆیە هاووڵاتییان متمانە بە سیستمی بانكیی عێراق ناكەن و ویست و خواستی خۆیان لە بانكەكان نابیننەوە و هەست بە پارێزراویی پارەكانیان ناكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل