عێراقی پێشوو بودجەی بۆ وێرانكردنی كوردستان بەكار دەهێنا و ئێستەش بۆ برسیكردنی

:: AM:11:12:25/03/2024 ‌
دوو سەرۆك وەزیرانی پێشوو عێراق ددانیان بەوەدا ناوە، گەلی كورد زۆر تاڵییان چەشتووە، ئەوان بۆ ماوەی 100 ساڵ بودجەی عێراقیان بۆ وێرانكردنی گوندەكانی كوردستان و دژایەتیكردنی گەلی كورد بەكار هێناوە و ئێستەش بۆ برسیكردنی. 

مووچە و بودجەی كوردستان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بابەتێكی گەرمی ناو ڕاگەیاندنی كوردستان و باسوخواسی شەقامی كوردییە، بە جۆرێك ئێستە ئەم باسە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنەكانی بیانیش باسی لێوە دەكرێت، زۆرجاریش لە ناو ناوەندە سیاسییەكان دەبێتە بەشێك لە گفتوگۆكان.

ڕاگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بە سزایەكی سیاسی و بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە، لایەنە سەرەكییەكانی عێراق ئەمەیان كردووەتە دەستكەوتێكی سیاسی و لە شەقامی عێراقدا خۆیانی پێوە هەڵدەكێشن.

د. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەمبارەیەوە لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی، بابەتی بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان، هێزەكان لە شەقامی عێراقی دەنگی پێ كۆ دەكەنەوە، وای لێ هاتووە هەر لایەك دژی كوردستان بێت، لە شەقامی عێراقیدا دەنگی زیاتر دەهێنێت.

هەرچی حكوومەتی عێراق كە بە تەواوی دامەزراوەكانیەوە كەوتووەتە ژێر هەژموونی ئێران و چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن، "ئێران تەواوی ڕێكارەكانی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بۆ عەرەبەكانی عێراق دیاری دەكات، مەبەستی سەرەكیشی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بەشێوەی عێراقی ناوەندی، بێ سەروەری و لەرزۆك بكات و بیخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە"، بۆیە تەواوی رێیەكانی تاقی كردووەتەوە، لەوانە ئابووری، سەربازی، دادگای باڵای عێراق، پەرلەمان و بڕینی قووتی خەڵك.

هەرچەندە تەواوی ئەو بابەتانەی عێراق بۆ لاوازكردنی پێگە و توانای هەرێمی كوردستان دەستی بۆ بردوون هەستیارن، بەڵام بڕینی قووتی هاووڵاتییان، قێزەونترین گوشار بوو كە حكوومەتی عێراق دەستی بۆ برد.

لەلایەكی تریشەوە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق د. عادل عەبدولمەهدی، لە دیمانەیەكی میدیاییدا ئەو بابەتەی بەوردی ڕوون كردەوە و ڕای گەیاند، بودجەی عێراق 100 ساڵە دژی كوردستان و وێرانكردنی بەكار دێت، لە سەردەمی پێشوو بۆ رووخان و وێرانكردنی بەكار دەهات، لە سەردەمی نوێشدا بۆ برسیكردن و شكاندنی خەڵكی كوردستان بەكار دێت.





وشە - سۆران عەزیز