پەرلەمانتارێكی پێشوو: یەكێتی حزبی بەرژەوەندییە و تا ماوە لەو دۆخەی ئێستەی رزگاری نابێت

:: PM:09:25:25/03/2024 ‌

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە یەكێتی حزبێكە هەمیشە بەدوای بەرژەوەندیی حزبی بووە، بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی دۆخێكی خراپی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست كرد، ئەوەش لەدوای ئەوە هات لە ماوەی رابردوو تیمی یەكێتی لە حكوومەت كە بایكۆتیان كردبوو، چەندینجار سەردانی بەغدایان كرد تا دژی حكوومەتی هەرێم كار بكەن  و پیلان لەگەڵ دوژمنان بگێڕن.

تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، سیاسەتێكی هەرزەییانە لەناو یەكێتی پێڕەو دەكرێت كە زیانی لە هەموو هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانیش داوە، كاتێك بە پیلانگێڕی لەگەڵ دۆستەكانی خۆیان و دوژمنەكانی ناوخۆ كاریان بۆ ئەوە كرد كە مووچە بخرێتەوە سەر بەغدا، ئەنجامەكەشی ئەوەبوو كە ئێستە هەیە، ئەوان بیر لە هیچ ناكەنەوە ئەوە نەبێت كە خۆیان مەبەستیانە، سیاسەتێكی چەوت، پیلانی بەردەوام، ئەقڵیەتێكی پۆپۆلیستانە، یەكێتی چونكە لە ناوخۆی خۆی كێشەی هەیە و رووبەڕووی كێشە بووەتەوە، بۆیە دەیەوێ كێشە بۆ هەرێمیش دروست بكات، یان چاوەكان لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆی لا بدات و خەڵك بە ‌شتی ترەوە سەرقاڵ بكات.

هەروەها گوتی، ئەم شێوازە كاركردنەی یەكێتی بەتەواوی دۆخێكی خراپی لەناو هەرێم دروست كردووە، بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، لە كوێ بەرژەوەندییان نەما كار بۆ تێكدانی دەكەن، ئاخر ناكرێت حزبێك هەر بەرژەوەندیی خۆی بوێت، حزب دەبێت خزمەتكاری خەڵك بێت و كار بۆ خزمەتكردنی خەڵك بكات و بەدوای بەرژەوەندیی گشتی بێت و كار بۆ ئەوە بكات ناوچەكە رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە و بەرانبەر هەر پیلانێكی نەیاران بوەستێتەوە، بەڵام ئەمە لە بەرنامە و پرۆگرامی یەكێتی جێی نابێتەوە و ئەوان پێچەوانە كار دەكەن و بیر دەكەنەوە.

لای خۆیەوە د.جیهان حەسەن، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر حزبێك بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندیی گشتی خست، هەر كاتێك بێت كار بۆ تێكدانی دۆخەكە دەكات،  كار بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەی یەكێتی كردی زیانگەیاندن بوو بە مووچەخۆران، هەوڵ و پیلانەكانی ئەو حزبە بوو بەغدا بەو جۆرە مامەڵە بكات، یەكێتی ئەو حزبەیە كە هەمیشە لە هەرێم و لە بەغداش بەرژەوەندیخواز بووە، لە هەرێم هۆكاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و خراپیی پێوەندیی لایەنەكانە، لە بەغداش بە ‌تەنیا كاری كردووە، ئەویش بۆ ئەوەی دەستكەوتەكان رادەستی بەغدا بكات و بەرژەوەندیی خۆی بەدەست بێنێت.

باسی لەوەش كرد، مادام یەكێتی حزبی بەرژەوەندییە، هەتا ماوە لەو دۆخەی ئێستەی كە حزبەكە رووبەڕووی بووەتەوە رزگاری نابێت، ناكرێت بڵێی سیاسەت دەكەم، بەڵام دەبێت هەموو شتەكان لەسەر داواكاریی من و بە ئارەزوو و دڵی من بێت، یەكێتی چەندان ساڵە ئامادە نییە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، لە حكوومەت بووە و دژایەتی حكوومەتیشی كردووە و داوای پۆست و پلەی زیاتریشی كردووە، كاری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان نەكردووە و ئامادەش نەبووە لەگەڵ شاندی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی داوای مافی خەڵكی هەرێم بكات، بۆیە ئەو حزبە هۆكاری خراپیی دۆخی هەرێمی كوردستانە، چونكە بەرژەوەندییەكانی خۆی بەدەست نەهاتوون.

پێوەست بەو بابەتە سەیوان مەحموود، چالاكی مەدەنی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەگەر حزب لەپاڵ هەر پرسێكی نیشتمانی یان نەتەوەیی و بگرە سیاسیش، هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی بدات تا رادەیەك ئاساییە، بەڵام حزبێك بچێتە هەر گفتوگۆ و دانیشتنێك و ئامانجی تەنیا ئەوە ‌بێت بڵێ دەبێت ئەوە بكرێت و ئاوا بكرێت و ئەمە بكرێت و داواكاریی خۆی پێشكەش بكات و بچێتە دەرەوە، ئەمە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵی ناكات.

دووپاتی كردەوە، ئەی كوا بەرژەوەندیی گشتی، كوا بەرژەوەندیی وڵات، ئەی حزب بۆچی دروست بووە و خەڵك دەنگی پێ داوە، ئەمە حاڵی یەكێتییە، بۆیە هەمیشە گرفتی هەیە، یەكێتیش هۆكاری ئەو دۆخە بوو، چونكە ئەو داوای بەغدای كرد.

وشە/ تایبەت


وشە - تایبه‌ت