مامۆستایەكی سلێمانی: ئەگەر یەكێتی راستگۆیە با لە بەغدا داوای مووچە و قووتی خەڵكی هەرێم بكات

:: PM:10:15:25/03/2024 ‌

لەكاتێكدا بەغدا بەهۆی هەڵەكانی یەكێتییەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەخات و لە وادەی خۆیدا ناینێرێت، بۆ ئەو مانگەش مووچەی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە نەكردووە، یەكێتی وەك ئەوەی لە بیری چووبێت هۆكاری ئەو دۆخە ئەوە، بەرپرسانی دەڵێن كە لە هەولێر دەست بەسەر مووچەدا گیراوە، لەوكاتەی ئەگەر مووچە دابەش بكرێت، مووچەی سەربازی لەگەڵدا نییە و حكوومەتی هەرێم چاوەڕێی دابەشكردنی مووچە بەتەواوەتی دەكات.

لەوبارەوە خەدیجە تەها، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی خەریكی خۆهەڵخەڵەتاندنە و دەیەوێ خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكی، بیری چووە ئەوەی بەغدا بەسەر هەرێمی كوردستان و فەرمانبەرانی دێنێت، لە ئەنجامی پیلانگێڕی و كاركردنی ئەو حزبە بوو بۆ دوژمنانی هەرێمی كوردستان، وا دیارە یەكێتی ئەوەشی بیر چووە كە بەغدا مووچەی بەشێكی مووچەخۆرانی نەناردووە و بۆیە دابەشكردنی مووچە دوا كەوتووە، بۆیە ئەوەی یەكێتی كردی بە تەواوی پێچەوانەی یاسا بوو، كاركردن بوو بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم لاواز بكرێت و نادەستووریش بوو، بەڵام یەكێتی ئەوە لە كوێ دەزانێت.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی بە رۆژ لە حكوومەتە و بە شەویش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، هەر تیمی ویزاریی خۆیان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندبوون لەسەر ئەوەی لە بەرانبەر ئەو ستەمەی بەغدا بێدەنگ نەبن و تا تەواوی مووچە نەنێردرێت دابەش نەكرێ و ئەو سیاسەتەی بەغدا رەت بكرێتەوە، كەچی ئێستە دەیانەوێ چەواشەكاری بكەن و خەڵك بگەوجێنن، كە ئەمەش پیشەی یەكێتی بووە، بەڵام خەڵك باش دەزانن كە هۆكاری ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە مووچەخۆرانی دەكات كێ بوو، خۆپێشاندانی فەرمانبەرانی سلێمانی، واتە رەتكردنەوەی ئەوەی یەكێتی بۆ بەغدا كردی كە داوای كرد مووچەی فەرمانبەران بچێتە سەر بەغدا.

لای خۆیەوە حەسەن مارف، مامۆستا لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی با هەوڵی ئەوە نەدا خۆی لەوەی بەغدا بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی دێنێت بەدوور بگرێت، هەرچی روودەدات و هەرچی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دێت لە ئەنجامی هەڵە و بڕیارە سەقەتەكانی ئەو حزبە بوو، چۆن هەلهەلەیان بۆ بەغدا لێ دەدا و دەیانگوت بەغدا لە حكوومەتی هەرێم باشترە و مووچە دەدات و چیتر دوای ناخات، با بچێت ئەو مووچە و پارەیە لە بەغدا بێنێت كە باسیان دەكرد، با رووی دەمیان لە بەغدا و دۆستە دێرینەكانیان بكەن، نەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، ئەگەر یەكێتی راستگۆیە لەگەڵ فەرمانبەران و بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی دەوێت، با بچێت لە بەغدا داوای مووچە و قووتی خەڵكی هەرێم بكات كە دەستی بەسەریان گرتووە، كوا بەغداكەی یەكێتی وا بۆ هەشت مانگ و زیاترە یاسای بودجە هەیە، بەڵام بەغدا پشكی هەرێم نادات و مانگانە بەشێكی پارەی بۆ دەنێرێت، ئەویش بە دوو هەفتە و سێ هەفتە دوای دەخات.

پێوەست بەو بابەتە هەڵۆ سەمین، كادری پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتی هیچ كات ناتوانێت وا خۆی نیشان بدات كە ئەوەی روودەدات هۆكارەكەی ئەو نییە، لە بەغدا ویستی بابەتی مووچە بكات بە دەستكەوتی خۆی و دوای بڵێت ئەوە ئێمە بووین ئەوەمان كرد، بەڵام چونكە لەگەڵ دۆستەكانیان كار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن و هێشتا نەگەیشتوون بە رووی راستەقینەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم، بۆیە بەغدا ئەوەی كردی لە ئەنجامی داواكاریی یەكێتی بوو.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر داواكاریی یەكێتی نەبێت بەغدا یاری بە مووچەی فەرمانبەران ناكات و بەشێكی بنێرێت و بەشێكی دوا بخات، خەڵك باش لەو حزبە گەیشتوون و پێویست ناكات بڵێت لە هەولێر دەست بەسەر مووچەدا گیراوە، بۆیە بەغدا دڵسۆزەكەی یەكێتی وای لە مووچە كردووە و یەكێتیش هۆكاری ئەوەیە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت