شارەزایەك: داخستنی تیك تۆك زیانی ئابووری بۆ عێراق نابێت

:: PM:05:25:26/03/2024 ‌

ئێستە دنیا لەناو مۆبایل و سۆشیال میدیا و ماڵپەڕ و بەرنامەكانی كۆبووەتەوە، تەواوی دنیا بە سۆشیال میدیا و ماڵپەڕە جیاجیاكانی ئینتەرنێتەوە سەرقاڵە و هەریەكەو بەدوای ئەوەوەیە كە حەزی لێ دەكات، واتە ئاستی رۆشنبیری هەر كۆمەڵگایەك رۆڵ دەبینێت، شارەزایەكی ئابووری دەڵێت لە عێراق زیاتر لە 17 ملیۆن كەس سەردانی تیك تۆك دەكەن، داخستنی تەنیا زیانی ئابووری  بۆ كۆمپانیاكە هەیە.

دوای ئەوەی دوێنێ وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رای گەیاند كە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە ئەپلیكەیشنی تیك تۆك قەدەغە بكرێت، ئەحمەد سەدام، شارەزای ئابووری دەڵێت، وەزارەتەكە بۆی هەیە ئەو ئەپلیكەیشنە یان هەر یەكێكی تر بشارێتەوە و قەدەغەی بكات، لە رووی ئابوورییەوە زیانەكەی بۆ كۆمپانیای دایكە لە چین، چونكە چەندان ملیۆن سەردانیكار لەدەست دەدات، كە ژمارەیان زیاتر لە 17 ملیۆن كەس دەبێت لە عێراق، بۆیە زیانە ئابوورییەكەی كەسییە و بۆ ئەوانەیە كە لەو ئەپلیكەیشنە كار دەكەن.

روونی كردەوە، ئەگەر سەیری لایەنی نەرێنیی ئەو ئەپلیكەیشنە بكەین لە بڵاوكردنەوەی بابەتی ئاستنزم و كۆنترۆڵ نەكردنیان، پێم وایە قەدەغەكردنی سوودێكی بۆ لایەنی كۆمەڵایەتی دەبێت، چونكە رێگە لە پەخشكردنی بابەتە ئاستنزمەكان دەگرێت، كە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر كۆمەڵگا هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل