سێنتكۆم تێكشكانی چوار درۆنی تری لە ئاوی دەریای سووردا راگەیاند

:: PM:06:55:29/03/2024 ‌
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكای ناسراو بە "سێنتكۆم" لەناوبردنی چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی حووسیەكانی راگەیاند كە بەرەو دوو كەشتی لە دەریای سوور هەڵدرابوون. 

ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" رای گەیاند، هێزەكانی فەرماندەییەكەیان توانیویانە چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی حوسیەكانی یەمەن تێكبشكێنن. 

لە بەیاننامەكە هاتووە، چوار درۆنەكە بۆ كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكی و كەشتیەكی تری سەر بە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی واشنتن لە ناوچەی دەریای سووردا هەڵدرابوون. 

ئاماژە بەوەیش كراوە، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەكەدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و هیچ زیانێكی مادیش بەر دوو كەشتییەكە نەكەوتووە. 

سێنتكۆم روونی كردووەتەوە، ئەم رێوشوێنانە لە پێناو ئازادی كەشتیوانی و سەلامەتتركردنی ئاوە نێودەوڵەتییەكان بۆ هێزە دەریاییەكانی ئەمەریكی و كەشتیە بازرگانییەكان دەگیرێنە بەر.


وشە - پۆڵا مەحموود