راپۆرتێك باس لەو دۆسیانە دەكات كە لە سەردانەكەی سوودانی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت

:: PM:01:46:13/04/2024 ‌
پێگەی "میدیا لاین"ی ئەمەریكی ئەمڕۆ لە راپۆرتێك و لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی، ئەو دۆسیانە ئاشكرا دەكات كە لە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 13ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ كە محەمەد شیاع سوودانی و شاندی یاوەری روویان لە ئەمەریكا كرد كە بە بانگهێشتنی سەرۆكی ئەمەریكا سەردانەكە ئەنجام دەدرێت، پێگەی "میدیا لاین"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێك و لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی، ئەو دۆسیانە ئاشكرا دەكات كە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی گفتوگۆیان دەكات.

لەو سەردانەی سوودانی و شاندەكەی یاوەری، سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە بایدن سەرۆكی ئەمەریكا و لوید ئۆستن وەزیری بەرگری و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەكەوێت. 

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە رای گەیاندووە، جیا لە پێوەندییە سەربازی و تەناهییەكان، چەندان دۆسیەی گرنگ هەن لەو سەردانە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت وەك پێوەندیی ئابووری و فێركردن و ژینگە، هاوكات پێوەندییە تەواوی بوارەكانی تر دەكەونە ناو گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق.

بەرپرسە ئەمەریكاییەكە زیاتر گوتی، پێوەندییە سەربازی و تەناهییەكان، بەشێكی دیاریكراوی گفتوگۆكان پێكدێنن، لەوە گرنگتر زیاتر قسە لەسەر پێوەندییەكانی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات دەكرێت.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی گوت، گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق، لە كاتێكدایە كە زۆر لە وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمەریكا، سەرنجیان خستووەتە هاوپەیانیی سەربازی كە ئەمەریكا سەرۆكایەتی دەكات، كاتێك بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل غەزەوە، كێشە بۆ بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان دروست بووە و ململانێكانی هەرێمی زیاتر فراوانتر بوونەتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، سوودانی ویستی خۆی بۆ بەكۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق راگەیاندبوو. لە كاتێكدا پێوەندیی نێوان ئەمەریكا و عێراق مێژوویەكی ئاڵۆزیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریكا لە 2003دا عێراقی داگیر كرد و رژێمی سەدام حوسێنی رووخاند. ساڵی 2011 هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە و لە 2014 دیسان بەشێك لە هێزەكانی گەڕاندەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د