"كورد دەتوانێت گرنگی بە پێوەندییەكانی بدات ئەوەش بە سەركردەی دانا و ژیر و لێهاتوو دەكرێت"

:: PM:11:15:20/04/2024 ‌

دوای سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەمەریكا، پێوەندییەكانی هەردوولا چووە قۆناغێكی نوێوە، ئێستە ئەمەریكا بە شێوەیەكی كاریگەرتر دەڕوانێتە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پسپۆڕانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پێویستە كورد هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەم گرنگیدانەی ئەمەریكا زیاتر و بەهێز تر بێت و بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و هەموو چین و توێژەكان سوودی لێ ببینرێت.

لەمبارەیەوە هەورامان عەلی تۆفیق، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا لە دۆخێكی هەستیار و قۆناغێكی چەقبەستوو و پڕكێشە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیدا بوو، بۆ ئەوەی كۆی ئەو بابەت و پرسانەی پێویست بوو لەگەڵ دۆستەكانی كورد تاوتوێیان بكات و هاوپەیمانیەتی و پێكەوەكاركردن و پتەوكردنی دۆستایەتی و پێوەندیەكان بێنێتە ئاراوە.

روونی كردەوە، بێگومان كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك كارەكتەرێكی گرنگ بۆ سەقامگیری و ئاوەدانی و نموونەیەكی باش لێی دەڕوانرێت، لە سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەریكا و پەیامەكانی واشنتن بۆ عێراق، دەردەكەون كە بەلای ئەمەریكا گرنگە كێشەكانی كورد لەگەڵ عێراق چارەسەر بن و بەهێزیی كورد لەم سنوورە بۆ ئەو وڵاتە گرنگە، بۆیە دەبینین چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوورەوە بەلای واشنتن گرنگە، دووپات لەسەر پێكەوەژیان و چارەسەركردنی گشت پرسە ناكۆكەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێ دەستوەردانی دەرەكی و بەو شێوەی بە خواستی گەلی كوردە دەكاتەوە.

ئەو پسپۆڕەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دووپاتی كردەوە، فراوانكردن و بەهێزكردنی پێوەندییەكانی كورد بە دنیای دەرەوە لەسەر بنەمای دروستكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش دەبێت، بە یەكگرتنی كورد و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكان و ئەو رێچكە بەردەوامەی كورد لە ئاوەدانی و پێكەوەژیان و ئازادی و دیموكراتی، بێگومان نەیارەكانی كورد هەمیشە لە دروستكردنی كۆسپ و كێشەن، دەنا كورد لە دوایی سەرهەڵدانی كێشەكانی لەگەڵ عێراق بۆ ئیستە رێگری نەبوایە، دۆخی كورد لە ناوچەكە جۆرێكی تر بوو، ئەو كێشانەش زیاتر بۆ وەستانی كورد بوو لەو پێشكەوتنە خێرایەی هەبووە، بۆیە كورد هیچ رێگاچارەیەكی تری نییە جگە لە بەردەوامی و پێشكەوتن و ئاوەدانی و پێكەوەژیان و كەشوهەوایەكی دیموكراتی و ژیانێكی ئارام.

"راستە لەو چواردەورە ئاگراوییەدا ئەستەمە رێگە بدەن كورد بەم شێوەیە بژیت، بەڵام كورد هەمیشە لە هەوڵ كۆششی خۆی نەوەستاوە و بەردەوامە، بەمشێوەی ئێمەی كورد دەتوانین دۆستەكانمان زیاد بكەین و گرنگی بە پێوەندییەكانمان بدەین، بەتایبەتی پێوەندیی نێوان كورد و ئەمەریكا، چونكە گرنگیی خۆی هەیە لەمەڕ كورد و دۆزەكەی، ئەمەش بە سیاسیی دانا و ژیر و لێهاتوو دەكرێت و پێویستە سیاسەت و ئامرازەكانی بەهێزكردنی ئەو پێوەندییە بزانێت، كە تا رادەیەكی باش مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت توانیویەتی ئەو پێوەندییە گرێ بدات و بەهێزی بكا و سوودیشی بۆ هاووڵاتییان و كوردستان هەبێت"، هەورامان عەلی تۆفیق، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە ئاری مامشەیی، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە" وشە"ی راگەیاند، ئەمەریكا وڵاتێكی زلهێزە و دەسەڵاتداری ناوچەكەیە، هەروا بە سادەیی باس لە هەرێمی كوردستان ناكات كە بیخاتە ناو ئەجێندا و سیاسەتی كاری خۆیەوە، بۆیە  ئەم بەدەمەوەهاتنەی ئەمەریكا پێوندی بەو سەردانە باش و پڕ دەستكەوتەی سەرۆكی حكوومەتەوە هەیە كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی دا.

روونی كردەوە، ستراتیجییەتی ئەمەریكا وایە كە هەرێمی كوردستان دەبێت خۆشگوزەران و سەقامگیر بێت، هەروەها چارەنووسی عێراقیش وابەستەیە بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە دەبێت هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولادا بكرێت، چونكە پێگەی هەرێمی كوردستان لەمەڕ ئەمەریكا گرنگ و جێگەی بایەخە و بە ئاسانی سازشی لەسەر ناكات، ئەمەریكا دەیەوێ هەرێمی كوردستان  پێكهاتەیەكی گرنگی عێراق بێت، چونكە بەهێزیی هەرێم واتە بەهێزیی عێراق، بۆیە هەركات هەرێم كە بەشێكە لە عێراق كێشەی هەبێت، ئەوا تەواوی عێراق كێشەی بۆ دروست دەبێت و دووچاری چەندین كۆسپ دەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێم بەردەوام پێوەندی و سەردانی ئەمەریكا بكا و لۆبیی بەهێز دروست بكا و لە تەواوی بوارەكاندا گرنگی بە ئەمەریكا و سیاسەتەكانی بدرێت.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل